ڤیدیۆ؛ ئەمشەو کامپ نو گڕدەگرێت

رووداو دیجیتاڵ

یارییە چاوەڕوانکراوەکە.. یارییە چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەکە و بەهێزترین یاری ئەم گەڕەی چامپیۆنزلیگ.. لە کامپ نودا، لە نێو جۆشوخرۆشی کەتەلۆنییەکان و تەموومژی کۆمەڵەیەکدا بەڕێوەدەچێت کە هەمووان لە دوای تیروپشکی پاڵەوانێتییەکەوە، ناویاننا کۆمەڵەی مەرگ.
 
لە کۆمەڵەی مەرگدا.. بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆیدا میوانداری ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەکات.. یارییەک کە هەفتەی پێشوو ئینتەرمیلان هەموو ئومێدی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە تێدا زیندووکردەوە، پاشئەوەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردییەوە، بەڵام ئەمجارەیان پرسیارەکە ئەوەیە.. کێ سەرکەوتنی تێدا بەدەست دەهێنێت؟ سەرکەوتنێک کە ئیدی رێگەی تا کۆتایی لە پاڵەوانێتییەکەدا بۆ هەردوو یانە دەستنیشاندەکات.
 
بارسێلۆنا لە پێکهاتەی بانگهێشتکراوی یارییەکەی ئینتەرمیلاندا، تەنیا دوو یاریزانی دوورخراونەتەوە کە رۆناڵد ئاراوخۆ و ژول کوندێن، سەرجەمی یاریزانەکانی دیکەی یانەکە بۆ یارییەکە بانگهێشتکراون.
 
بارسێلۆنا بە هەڵچوون و هەستێکی گەورەی تۆڵەوە روو لە یارییەکە دەکات. هاندەرانی یانەکە لە یاریی سێلتاڤیگۆوە دەستیانکردووە بە گوتنەوەی دروشم لە دژی ئینتەرمیلان و هاندەرە ئیتاڵییەکان.. ئەوەی زیاتر هەستی رق و تۆڵەی لە یارییەکەدا بەرەو سەر بردووە و وایکردووە کەشی هەڵچوون باڵ بەسەر یارییەکەدا بکێشێت، جیا لە پێویستی بارسا بۆ بردنەوەی یارییەکە، گەڕانەوەی سەرۆکی بارسێلۆنایە بۆ ئاستی ناوبژیوانی یاری پێشووی نێوان هەردوو یانە. خوان لاپۆرتا دەڵێ، ناوبژیوانەکان ناهەقییان بەرامبەرمان کرد و ئەوەش هاوکاربوو بۆ سەرکەوتنی ئینتەرمیلان.
 
کەشێکی دیکەی زاڵی یارییەکەی نوکامپ، ئەو دەنگۆ و هەوڵانەیە کە لەبارەی فرۆشتنەوەی بلیتەکانی یارییەکە لەلایەن هاندەرانی بارسێلۆناوە هاتووەتە ئاراوە و ئەوەش کەشێکی ترسناکی بۆ کارگێڕیی یانەکە دروستکردووە، لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئابڕووبەرانەی ساڵی پێشوو لە یاری بەرامبەر ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی.
 
لە رووی تاکتیکییەوە، بارسێلۆنا پێویستی بە یارییەکی ئاستبەرز و درەوشانەوەی گەورە و یارییەکەی خێرا و پڕ لە وزە هەیە.. بارسا لە چەند یاری رابردووی خۆیدا، لە لالیگا و چامپیۆنزلیگیش بەرامبەر ئینتەرمیلان، وەک تیپێکی خاو و بێکاریگەری و شڵەژاو لە رووی تاکتیکییەوە دەرکەوت.. یانەکە نەیتوانی هاوئاهەنگی نێوان هێڵەکانی پێشان بدات و ئەوەش رووبەڕووی سەرئێشەی زۆری کردەوە.
 
هەرچی ئینتەرمیلانە، بەبردنەوەی یاری پێشوو لە بارسا ورەیەکی گەورەی بەدەستهێنایەوە و دواتر یانەکە لە سێریا ئەیدا لە ساسولوی بردەوە و ئەوەش وایکرد.. یانەکە ئەوە لە خۆی راببینێت، ئەمجارەش لە نوکامپ بە ئەنجامێکی باشەوە بێتە دەرەوە، بەڵام ئەمە رادەوەستێتە سەر توانای بەرگەگرتن و هەڵەنەکردنی یاریزانەکانی ئینتەر کە نەوەت خولەکی پڕ لە گوشار و قوربانیدانی کەتەلۆنییەکان بەخۆوە دەبینێت.
 
لە یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیەدا، بایرن میونشنی ئەڵمانی، بەدوای سێ خاڵی دیکەدا دەگەڕێت، کاتێک دەبێتە میوانی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی و ئەو تیپە سێ یاری لەسەریەکی دۆڕاندووە.