نۆیەر باسی پەیوەندی خۆی و تێرشتیگن دەکات

رووداو-هەولێر

مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن باسی لە پەیوەندی خۆی مارک ئاندرێ تێرشتیگنی گۆڵپارێزی بارسێلۆنا کرد و رایگەیاند کە هیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نییە.

لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە پرێس کۆنفرانسی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر بە ئیستۆنیا کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لە شاری تالن دەکرێت، مانوێل نۆیەر رایگەیاند " وەک پێشبینی دەکرێت تیپی بەرامبەرمان بە بەرگرییەکی چڕ یاری دەکەن، بۆیە دەبێت کەمترین تۆپ لەدەستبدەین و بتوانین لەوپەڕێ تەرکیزدا یارییەکە بکەین".

مانوێل لە درێژەی قسەکانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە، بە تایبەت بابەتی پەیوەندی نێوان ئەو و تێرشتیگنی گۆڵپارێزی دووەمی هەڵبژاردەی ناسیۆنال مانشافت و گوتی: پەیوەندی من و ئەو زۆر باشە، وەک چۆن پەیوەندیم لەگەڵ بێرد لینۆ و کیڤن تراپ باشە.

نۆیەر لە کۆتاییدا وەڵامی ئەوەشی دایەوە کە کەی واز لە یاریکردن دەهێنێت و گوتی " من بیرم لەو بابەتە نەکردووەتەوە و بە گرنگیشی نازانم باسی لێوەبکەم، چونکە ئێستا لە لووتکەی ئاست و توانای جەستەییمدام".

مانوێل لەم یارییەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ئیستۆنیا بە شێوەی سەرەکی یاری دەکات، یواکیم لوفی راهێنەری ئەڵمانیاش رایگەیاندبوو کە نۆیەر کاپتنی و بژاردەی یەکەمی ئەوان دەبێت بۆ یارییەکانی یۆرۆی ٢٠٢٠.