پاڵەوانێتیی بالەی کچانی عێراق لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

12-09-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن پاڵەوانێتیی بالەی کچانی عێراق سلێمانی
A+ A-
رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی بالەی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا رۆژی 15ـی ئەم مانگە یارییەکانی پاڵەوانێتیی بالەی کچانی یانەکانی عێراق لە سلێمانی دەستپێبکەن. 
 
وەرزی ئەمساڵ 12 یانە بەشدارییان لە پاڵەوانێتیی بالەی کچانی یانەکانی عێراقدا کردووە، کە یارییەکان لەنێو هۆڵی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هەفتەیەک دەخایەنێت، دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق لە سەرجەم یارییەکان ئامادە دەبن بۆ دەستنیشانکردنی پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەکە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا کە بڕیارە مانگی 10ی ئەمساڵ سلێمانی میوانداری بکات. 
 
یەکێک لە تیپە سەرنجڕاکێشەکانی پاڵەوانێتییەکە یانەی تەقتەقە کە یاریزانانی تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 18 ساڵە، تیپەکە لە پاڵەوانێتیی لاوانی عێراق پلەی دووەمی بردەوە، ئێستا لە هۆڵی داخراوی بنەسڵاوە راهێنان دەکەن و چاوییان لە ئەنجامێکی باشە لە ئاستی پێشکەوتووان. 
 
بێستون حەسەن، راهێنەری بالەی یانەی تەقتەق لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "هەرچەندە شوێنی راهێنانەکانمان زۆر خراپە و گەرمە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بە مۆراڵێکی بەرز رکابەری بکەین لەسەر بەدەستهێنانی پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی عێراق". 
 
بەر لە بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە بە سێ رۆژ فیدراسیۆنی بالەی عێراق خولێکی زاخاوتنی بۆ راهێنەرانی یانە بەشدارەکان لە شاری سلێمانی کردووەتەوە بەئامانجی پێشخستنی ئاستیان و بەهێزترکردنی هزریان. 
 
وەرزی رابردوو یانەی ئەکاد عەنکاوە نازناوی پاڵەوانێتیی بالەی کچانی عێراقی بردەوە و یانەی سەنحاریب پلەی دووەمی وەرگرت، چاوەڕواندەکرێت ئەمساڵیش ململانێی بەدەستهێنانی نازناوەکە لەنێو یانەکانی کوردستان بێت. 
 
لای خۆیەوە ساسان گورگیس، سەرپەرشتیاری یانەی ئەکاد عەنکاوە بۆ رووداو روونیکردەوە "بەهەموو هێز و توانامان رکابەری دەکەین و دەمانەوێت پارێزگاری نازناوی وەرزی رابردوو بکەین". 
 
فیدراسیۆنی بالەی عێراق تیپی پاڵەوانی عێراق ساڵانە دەنێرێت بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەب، وەرزی رابردوو یانەی ئەکاد عەنکاوە وەک نوێنەری عێراق بەشداری پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەبی لە ئیمارات کرد. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە