فەرمی.. رۆناڵدۆ و نەسڕ لە بەغدا رووبەڕووی شورتە دەبنەوە

دوێنێ کاژێر 02:29
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی فەرمی یاریی نێوان هەردوو یانەی شورتەی عێراقی و نەسڕی سعودی، لە رکابەرییەکانی گەڕی یەکەمی خولی بژاردەی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
 
سەرەتا بڕیاربوو رۆژی 16ـی ئەم مانگە لە گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، یارییەکە لە شاری کەربەلا بەڕێوەبچێت، بەڵام یانەی نەسڕ داوای گۆڕینی شوێنی یارییەکەی دەکرد، بیانوویەکەشی ئەوەبوو کە فرۆکەخانەی نێوان نەجەف و کەربەلا لە شارەکەوە دوورە و یانەکە ماندووبوونێکی زۆر دەبینێت تاوەکو دەگاتە شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو یارییە.
 
بەشێوەیەکی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بڵاویکردەوە، یارییەکە شوێنەکەی گۆڕدراوە و لە یاریگەی مەدینە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، یانەی شورتەش بەو گۆڕانکارییە رازیبووە.
 
عەلا بەحرعلوم، سکرتێری یانەی شورتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە بەپێی رێنوێنییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا مامەڵە دەکەین، ئەگەر یارییەکە لە یاریگەی مەدینەش بەڕێوەبچێت هیچ کێشەیەکمان نییە."
 
ماوەیەکی زۆر بوو کەربەلا خۆی بۆ پێشوازیکردن لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕ ئامادەدەکرد، بەڵام بە رێککەوتنی هەردوو یانە و رەزامەندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، بڕیاردرا گۆڕانکاری لە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکە بکرێت.
 
غالب زاملی، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەڵێت "زنجیرە هەنگاوێکی تایبەت دەگرنەبەر بۆ ئەوەی یاریگەی مەدینە بەتەواوی بۆ ئەو یارییە ئامادەببێت و لیژنەی بەدواداچوونی ئاسیاش دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ یاریگەکە بکات وەکو ئەوەی بۆ هەموو یاریگەکانی دیکە کردوویەتی.
 
یانەی شورتە کەمپێکی مەشق و راهێنانی لە میسر ئەنجامدا و دوای چەند یارییەکی دۆستانە گەڕاوەتەوە بەغدا، یانەکە لەژێر سەرپەرشتی ئەحمەد سەڵاح خۆی بۆ ئەم یارییە و رکابەرییەکانی وەرزی نوێ ئامادەدەکات.
 
لە ریزەکانی یانەی شورتەدا، سێ یاریزانی کورد یاری دەکەن، کە هەریەکە لە ئاکام هاشم، رێوان ئەمین و ئەحمەد زیرۆن و لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی نەسڕ ئامادەدەبن و هەلی ئەوەیان هەیە بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاری بکەن.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە