رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی، ئاشکرایکردووە ویستی هەیە بۆ گەیشتن بەگۆڵی ژمارە هەزار لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا، پاشئەوەی لە ماوەی رابردوودا کۆی گۆڵەکانی گەیاندە هەزار گۆڵ، لە کاتێکدا تەمەنی 39 ساڵە. پرسیارەکە ئەوەیە بەتەماشاکردنی ئەو ئاستەی ئێستا رۆناڵدۆ هەیەتی، کەی دەتوانێت بگاتە گۆڵی ژمارە هەزار؟
بەر لە چەند رۆژێک، رۆناڵدۆ لە پۆدکاستێکدا لەگەڵ ریۆ فێردیناندی هاوڕێی، گوتی ئاڵنگاریی داهاتووم گەیشتنە بەگۆڵی ژمارە هەزار.
لە دوای گەیشتنیەوە بەتەمەنی 39 ساڵی لە مانگی دووی رابردوودا، رۆناڵدۆ 28 گۆڵی تۆمارکردووە، لە نێویاندا دوو گۆڵ لە چەند رۆژی رابردوودا و ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەو راستییەی کە کاپتنەکەی یانەی نەسڕی سعودی، هێشتا خۆی بەدەستەوەنادات و لە گۆڵکردن بەردەوامە.
رۆناڵدۆ لە مانگی دووی ساڵی 2023 روویکردە خولی سعودی و بووە یاریزانی یانەی نەسڕ، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، ئەو ئەستێرەیە 62 گۆڵی لە 68 یاریدا تۆمارکردووە، ئەگەر بەهەمان ئاست و توانای جەستەییەوە بەردەوام بێت تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی لە هاوینی داهاتوودا لەگەڵ نەسڕ، هەلی بەشداریکردن لە 32 یاریی دیکەی لەگەڵ یانەکەی هەیە لە خولی سعودیە، جیا لە پاڵەوانێتییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی دیکە.
ئەگەر رۆناڵدۆ بەهەمان ریتمی گۆڵکردنی ئێستا بەردەوام بێت، ئەو یاریزانە دەتوانێت دەستەبەری 43 گۆڵی دیکە بکات، بەڵام ئەو ژمارەیە بەهەر پێکانێک یان چوونە دەرەوە لە پاڵەوانێتییەکی وەکو جام دەگۆڕێت. خۆ ئەگەر بەردەوام بێت و کارەکە وەکخۆی بڕوات، تاوەکو مانگی شەشی داهاتوو رۆناڵدۆ دەگاتە گۆڵی ژمارە 944، پرسیارێک دەمێنێتەوە، ئەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال؟
رۆناڵدۆ لە دوای تەمەنی سی ساڵییەوە، 80 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال تۆمارکردووە، تاوەکو هاوینی داهاتوو چوار یاریی دیکە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە نەیشنسلیگ ئەنجامدەدات، ئەگەر هەیە دوو یاریی دیکەشی بێتە سەر، ئەگەر بگاتە قۆناخی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
رۆناڵدۆ لە دوایین شەش یارییدا لەگەڵ پۆرتوگال دوو گۆڵی تۆمارکردووە، ئەگەر لە چوار یارییەکەی داهاتووشدا دوو گۆڵی دیکە تۆماربکات، ئەوکات کۆی گۆڵەکانی دەبێتە 964 گۆڵ، بەڵام ئەوکات هێشتا پێویستی بە 54 گۆڵی دیکە هەیە بۆ ئەوەی ئاڵنگارییەکەی بباتەوە و ناوی بچێتەوە نێو کتێبی ژمارە پێوانەییەکان.
بەگەڕانەوە بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ لە کاروانی خۆیدا کردوویەتی، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە رۆناڵدۆ لە دوایین وەرزی یارییکردنیدا کە وەرزی 2023 - 2024ە، کۆی 44 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام تاکە وەرز کە تێیدا پەنجا گۆڵی تۆمارکردووە وەرزی 2015 - 2016 بوو، بەپێی ئەو راستییە، دەبێ رۆناڵدۆ تاوەکو مۆندیالی 2026 لە یارییکردن بەردەوام بێت، لەپێناو گەیشتن بەگۆڵی ژمارە هەزار.
گەورەترین پشتگیریکاری کریستیانۆ رۆناڵدۆ، رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی پۆرتوگالە کە لە ماوەی رابردوودا گوتی، "پێموانییە هیچ کەسێک هەبێت بتوانێت بڵێت رۆناڵدۆ ناتوانێ ئەو شتە بکات، ئەوەی ئەو لە تۆپی پێدا دەیکات، کارێکی باوەڕپێنەکراوە".
ئەگەر بەدیوێکی دیکەدا تەماشای ئەگەرەکانی گەیشتنی رۆناڵدۆ بەگۆڵی ژمارە هەزار بکەین، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ هەر سەد گۆڵ کە ئەو یاریزانە تۆماریکردووە.
بۆ گەیشتن بەیەکەم سەد گۆڵ لە کاروانی خۆیدا، رۆناڵدۆ پێویستی بەچاوەڕوانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ و نیو هەبوو، ئەوەش کاتێک روویدا کە بەلێدانی سزا لە مانگی دووی ساڵی 2008 گۆڵی لە تۆتێنهام تۆمارکرد، بەڵام دوای ئەوە تەنیا 17 مانگی پێویست بوو بۆ ئەوەی لە گۆڵی ژمارە سەدەوە بگاتە گۆڵی ژمارە 300.
نزیکەی 1008 رۆژ تێپەڕی تاوەکو رۆناڵدۆ گەیشتە گۆڵی ژمارە 900، لە کاتێکدا خێراترین سەد گۆڵ لە کاروانی خۆیدا تۆمار بکات، ئەوکات لە رۆژی پێنجی مانگی یەکی 2026دا دەگاتە هەزار گۆڵ کە ئەوکات تەمەنی بووەتە 41 ساڵ.
بەڵام ئەگەر رۆناڵدۆ بەهەمان ریتمی گەیشتن بەگۆڵی ژمارە 900 بۆ گەیشتن بەگۆڵی ژمارە هەزار کاربکات، ئەوکات دەکرێ رۆژی 9ی مانگی شەشی 2027 ئەو ئاواتە بەدیبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ