کریستیانۆ رۆناڵدۆ: سەرلێشێواو دەبم، بەڵام مشکەکان نامگریێنن

دوێنێ کاژێر 05:02
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ریۆ فێردیناند
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە پۆدکاستەکەی ریۆ فێردینانددا ئەمڕۆش درێژەی بە قسەکانی دا و هەندێک بابەتی دیکەی ورووژاند و رەخنەگرانی خۆی بە "مشک" وەسف کرد، گوتیشی "دوای وازهێنان لە یاریکردن ماوەیەک ون و سەرلێشێواو دەبێت".
 
رۆناڵدۆ سەرەتا باسی لەوانە کرد کە رەخنەی لێدەگرن کاتێک لە یارییەکدا گۆڵ ناکات و گوتی "ئەگەر لە کاتی یارییەکەدا لێم بپرسن و گۆڵم نەکرد، چی دەکەم؟ ئایا دەگریم؟ ئایا کۆتایی بە ژیانی وەرزشیی خۆم دەهێنم، چونکە هەندێک مشک رەخنەیان لێگرتووم؟".
 
کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی نەسڕی سعودی، بەردەوام بوو لە قسەکردن لەسەر ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن، و گوتی "جیهان منی خۆشدەوێت، هەوادارەکانم خۆشیان دەوێم، ئەمەش پاڵنەری منە، کەس ناتوانێت درەوشاوەییم لێ بسەنێتەوە، چونکە ئەوانەی لە تەلەڤزیۆن رەخنەم  لێدەگرن، کەس نازانێت کێن، کەس نایانناسێت".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆن کریستیانۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە، کە ئایا کاتێک واز لە یاریکردن دێنیت بیری چی دەکات؟ و گوتی "بیری ئەو ئەدرنالینە دەکەم کاتێک گۆڵێک تۆمار دەکەم یان ئەو دڵەڕاوکێییەی لە کاتی یارییەکاندا هەمبوو".
 
ئەو گوتیشی "لە دەوروبەرم کەسانی باش هەن، داهاتێکی باشم هەیە، بەڵام ئەدرنالینەکانی تۆپی پێ دووبارە نابنەوە، هەر بۆیە لە ژیانی وەرزشیمدا زیاتر دەڕۆم".
 
کریس باسی ئەوەشی کرد کە زۆر بایەخ بە لایەنی جەستەیی و تەندروستی خۆی دەدات و گوتی "من ئاگاداری خۆمم بۆ ئەوەی زیاتر بەردەوام بم لە یاریکردن، چونکە دەزانم کە هێشتا دەتوانم لە ماوەی دوو سێ ساڵدا شتێکی باش بکەم، بەڵام دوای ئەوە...".
 
ئەو زیاتر گوتی "تەنانەت نامەوێت بیر لە وازهێنانیش بکەمەوە. ئێستا تەنیا بیر لە ئێستا دەکەمەوە".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە بەردەوامی قسەکانیدا بۆ ریۆ فێردیناند، گوتی "لە تەمەنی 40 ساڵیدا هەست دەکەیت هەموو شتێکت پێشکێش کردووە، 25 ساڵە من جەستەم پێشکێش بە تۆپی پێ کردووە، ناتوانم زیاتر پێشکێش بکەم، چونکە تەمەن رێگە نادات".
 
کاپتنی پۆرتوگال، جارێکی دیکە باسی وازهێنانی کردەوە و گوتی "دوای وازهێنانم لە یاریکردن کەمێک سەرلێشێواو دەبم، بەڵام چی بکەم؟ دەگریم لەگەڵ ئەو ژیانەی ئێستام؟ بەڵێ لەوانەیە، چونکە ئەم ماوەیە من هەستیار بوومە".
 
ئەو گوتیشی "بەڵام ئەوەش دەبێتە قۆناخێکی دیکەی ژیانم و دەبێتە ئاڵنگارییەکی نوێ بۆ من، هەوڵدان بۆ فێربوونی هەندێک بوار کە نایزانم".
 
ریۆ فێردیناند، لە بەشێکی پۆدکاستەکەدا، بە رۆناڵدۆ دەڵێت "کە هاتییە مانچێستەر یونایتد، کوڕێکی بەژنباریک بووی، قژێکی شێتانەت هەبوو". رۆناڵدۆش پێیدەڵێت "قژم وەک ماکارۆنی بوو". ئینجا فێردیناند پێدەڵێتەوە "ددانەکانیشت تێکەڵ و پێکەڵ بوون".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە