ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ چەند مووچە وەردەگرن؟

دوێنێ کاژێر 03:49
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارکردن وەک ناوبژیوانی پرێمەرلیگ کارێکی زۆر قورسە، لە جیهاندا زۆر کاری وا نییە کە بەهۆیەوە کەسێک لەلایەن دەیان هەزار کەسەوە ئازاری پێبدرێت.
 
ئەگەر نەتوانیت ستانداردە مەحاڵەکەی کامڵبوون بەدیبهێنیت، دەتوانیت چاوەڕێی ئەوە بکەیت کە رۆژی دواتر ببیتە مانشێتی رۆژنامەکان، باسی ئەو سووکایەتییە ناکەین کە لە سۆشیال میدیادا لەلایەن هەواداران و شارەزایانەوە لە رۆژانی دواتردا بەهەمانشێوە وەریدەگریت، لەکاتێکدا کە ئەوان شرۆڤەی هەڵەکانت دەکەن.
 
بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو سووکایەتی و گوشارەی لە بەرزترین ئاستدا ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ رووبەڕووی دەبنەوە، هەندێک کەس هەن ئەو کارە هەڵدەبژێرن؟ سوودی ئەوە چییە؟ یەک لایەنی ئەرێنی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە لە بەرامبەردا مووچەی تا راددەیەک بەرز وەردەگرن.
 
مووچەی ناوبژیوانانی خولی ئینگلیزی
 
پێش ئەوەی ئینگلتەرا یەکەم لیژنەی ناوبژیوانانی پیشەگەری جیهان پێکبهێنێت، هەموو ناوبژیوانێک لە خولی نایابی ئینگلیزیدا بەشێوەی شیفت کاری دەکرد.
 
لە ساڵی 2001 لیژنەی ناوبژیوانی پیشەیی دەستیپێکرد، ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی ناوبژیوانی و دەستەبەرکردنی مووچەی بنەڕەتی بۆ هەر ناوبژیوانێک کە 35 هەزار پاوەند بوو.
 
ناوبژیوانی پێشوو کیس هاکێت، وەسفی ئەو دۆخە دەکات و دەڵێت  "کوڕێکی زۆر هەبوون هەمیشە خواردنی خێرایان دەخوارد و لەناکاو لە چێشتخانەی ئەستێرەکانی میشێلین نانیان دەخوارد".
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی زە ئاتلێتیک، ئەو ناوبژیوانانەی کە ناوبژیوانی یارییەکانی پرێمەرلیگ دەکەن، لە هەر یارییەکدا نزیکەی 1116 پاوەند داهاتیان هەیە.
 
ئەمە جگە لە مووچەی ساڵانەیان کە دەتوانێت لە نێوان 73 هەزار و 191 پاوەند و 105 هەزار و 257 پاوەند بۆ 147 هەزار و 258 پاوەند بێت، ئەمەش بەپێی ئەزموون و کوالیتی ناوبژیوانان.
 
بۆ تێگەیشتن لەم ژمارەیە، دەبێت تێکڕای داهاتی ساڵانەی هاوڵاتییەک لە بەریتانیا لە ساڵی 2024 بزانین کە 34 هەزار و 963 پاوەند بووە.
 

مووچەی ناوبژیوانانی چامپیۆنزلیگ
 
ئەگەر ناوبژیوانان لە کارەکانیاندا سەرکەوتووبن، لەوانەیە بانگهێشت بکرێن بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکانی گەورەترین پاڵەوانێتی ئەوروپا لەسەر ئاستی یانەکان، واتا چامپیۆنزلیگ، هەرچەندە ناوبژیوانیکردنی زۆر یاری لە هەفتەیەکدا ناوبژیوان تووشی ماندووکردنێکی زۆر دەکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو پارە زیادەیەی کە بەدەستی دەهێنێت ئەوە دێنیت بۆی ماندوو ببێت.
 
بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی Give Me Sport بڵاویکردووەتەوە، مووچەی ناوبژیوانێکی چامپیۆنزلیگ بەپێی کوالیتی و ئەو ئاستەی پێشکەشی دەکات دەگۆڕێت و لەوانەیە لە یەک یارییدا لە نێوان 7500 پاوند بۆ 10 هەزار پاوەند بێت.
 

مووچەی ناوبژیوانانی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا
 
خولی نایابی ئینگلیزی بە باشترین دادەنرێت لەنێو خولە ناوخۆییەکانی تۆپی پێی جیهاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناوبژیوانەکانی زۆرترین مووچەیان نییە لەسەر ئاستی کیشوەرەکە، سەرجەم ناوبژیوانانی لالیگای ئیسپانیا مووچەی بنەڕەتی ساڵانەیان 124 هەزار و 256 پاوەندە، کە نزیکەی 50 هەزار پاوەند زیاترە لەو کەمترین بڕە پارەیەی کە دەدرێت بە هەر ناوبژیوانێک وڵاتێکی دیکە.
 
لە راستیدا خولی نایابی ئینگلتەرا لەو رووەوە تەنانەت لە پلەی دووەمیشدا نییە، ناوبژیوانانی خولی ئیتاڵیا مووچەی زیاتریان لە هاوتاکانیان لە ئینگلتەرا وەردەگرن.
 
پاشان فەرەنسا لە پلەی چوارەم دێت و دواجار ئەڵمانیا لە کۆتایی ئەو لیستەی پێنج خولە سەرەکییەکەدایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە