راهێنەرە ئیسپانییەکان دونیایان داگیرکردووە

دوێنێ کاژێر 03:23
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ راهێنەران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپای ناسراو بە 'یۆفا' ئاشکرایکردووە، باڵادەستییەکی گەورەی راهێنەرانی ئیسپانیا بەسەر ئێستای دونیای تۆپی پێ لە ئەوروپادا هەیە.
 
راپۆرتەکە باس لە وەرزی 2023 - 2024 دەکات و دەڵێ راهێنەرە ئیسپانییەکان زۆرترین بەرپرسیارێتییان لە یانەکانی ئەورووپا هەبووە.
 
بەپێی راپۆرتەکەی یۆفا، راهێنەرە ئیسپانییەکان بەراورد بەڕاهێنەرانی سەرجەم وڵاتانی دیکە، زۆرترین داواکارییان لەسەر بۆ مەشقدانی یانە جیاوازەکان.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، وەرزی رابردوو کۆی 56 راهێنەری ئیسپانی لە تیپەکانی خولی پلە یەکی وڵاتانی ئەورووپا یارییانکردووە، بەوەش دووپاتیانکردووەتەوە کە ئەوان باڵادەستترینی جیهانی پیشەگەریی راهێنەرانن.
 
راپۆرتەکە دەڵێ، لە خولی پرێمەرلیگی ئینگلتەرا، وەرزی رابردوو پێنج راهێنەری ئیسپانی پێکەوە لە یانە جیاوازەکان کاریانکردووە. ئەو راهێنەرانە بریتیبوون لە پێپ گواردیۆلا (مانچێستەر سیتی)، میکێل ئارتێتا (ئارسیناڵ)، ئۆنای ئێمری (ئاستۆن ڤێلا)، ئاندۆنی ئیراولا (بۆرنمۆس) و لە کۆتاییشدا جولین لۆپیتیگێ (وێستهام).
 
چوار راهێنەری یەکەمی نێو پێنج راهێنەرە ئیسپانییەکەی پرێمەرلیگ، هاوتای یۆرگن کلۆپی راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول، بەربژێربوون بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین راهێنەری وەرز لە ئینگلتەرا، کە لە کۆتاییدا پێپ گواردیۆلا نازناوەکەی بردەوە.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکان لە وەرزەکەی پرێمەرلیگدا، ئاستی ناوازەیان پێشکێشکرد، پێپ بووە پاڵەوانی خولەکە و ئارسیناڵ تا دوا گەڕ لە رکابەریدا بوو. ئاستۆن ڤێلا و ئێمری وەرزێکی نموونەییان هەبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە