هاندەرانی ئاکسارای سپۆر هەرەشە لە هاندەرانی ئامەدسپۆر دەکەن

12-09-2023
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن یانەی ئامەدسپۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

گرووپێک لە هاندەرانی ئاکسارای سپۆر کە ناویان لە خۆیان ناوە "68 ئەرگەنەکۆن"، بەر لە یارییەکی ئامەدسپۆر لە ئاکسارای راگەیێندراوێكی هەڕەشەئامێزیان بڵاوکردەوە.
 
تیپی تۆپی پێی یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلوولی 2023 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە شاری ئاکسارای تورکیا رووبەڕووی یانەی  ئاکسارایسپۆر 68 دەبێتەوە.
 
پێش یارییەکە گرووپی هاندەرانی ئاکسارایسپۆر بەناوی "68 ئەرگەنەکۆن" لە هەژماری خۆیان لە سۆشیال میدیا راگەیێندراوێكی هەڕەشەئامێزیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "رۆژی یارییەکە، پێش یارییەکە و دوای یارییەکە نامانەوێت هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر، درێس و ئیسکارفەکانیان لە شارەکەماندا ببینن، ئەمە تاکە ئامانجمانە و لە پێشینەی کارەکانمانە". 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەیان بەوە دراوە "هاندەرانی ئاکسەرای و رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە هەرگیز درێخی ناکەین لە دەستوەردان و هەنگاو نانێین بۆ دواوە ئەگەر دروشم، پێکهاتە یان گروپێک ببینین کە دەبنە هۆی رووداو لە شارەکەماندا". 
 
یانەی ئامەدسپۆر کە زۆربەری یاریزانەکانی کوردن، ساڵانێکە لە چەند پارێزگایەکی تورکیا رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی دەبێتەوە، لە ئایاری ئەمساڵدا قەدەخەکردنی ئامادەبوونی هاندەرانی لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگای ئامەد هەڵگیرا. 
 
هاندەرانی ئەو یانەیەی باکووری کوردستان ماوەی حەوت ساڵ بوو نەیانتوانی بوو لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی یانەکە پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن، سەرباری هەڵگرتنی قەدەخە، بەهۆی گوشاری هاندەرانی یانەکانی بەرامبەریان، تائێستاش لە شارەکانی تورکیا رووبەڕووی رێگری دەبنەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە