نایگێلسمان نزیکترینە

12-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یولیان نایگێلسمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، کاردەکات بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی وڵاتەکە، پاشئەوەی لە رۆژانی رابردوودا هانزی فلیکی راهێنەر، لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە، بەهۆی ئەنجامی خراپەوە.
 
ئەڵمانیا لەگەڵ فلێک لە دۆخێکی خراپدابوو و زنجیرەیەک ئەنجامی خراپی هەبوو و لە دوایین سێ یاریدا کە سەرجەمیان دۆستانەبوون دۆڕا کە دوایەمینیان شکستبوو بەرامبەر ژاپۆن بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک.
 
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە کە یولیان نایگێلسمان، دیارترین بەربژێرە بۆ پێدانی مەشقی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
 
سەرچاوەکان دەڵێن لەپێشبوونی نایگێلسمان پەیوەندی بەسەرقاڵیی و پابەندبوونی سەرجەم بەربژێرەکانی دیکەوە هەیە بە کارکردن لەگەڵ ئەو یانە و هەڵبژاردانەی کاریان لەگەڵدا دەکەن، تەنیا نایگێلسمان نەبێت کە لە دوای دوورخستنەوەی لە مەشقدانی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە، هیچ پۆستێکی وەرنەگرتووە.
 
میدیاکان دەڵێن، وێڕای پێشینەیی یولیان، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا پەیوەندی بەو راهێنەرەوە نەکردووە، ئەمەش لەسایەی هەڵنەوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن کە تاوەکو 2026 بەردەوام دەبێت.
 
ئەڵمانیا هاوینی داهاتوو میوانداریی یۆرۆی 2024 دەکات و هاندەرەکانی داوا دەکەن مانشافت بەئاستێکی باشەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا دەربکەوێت و بۆ ئەوەش، پێویستی بەراهێنەرێکی بەئەزموون و لێهاتوو هەیە.
 
نایگێلسمان گەرچی لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا لە مەشقدانی بایرن میونشن دوورخرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە کاردەکات و مووچەی لەلایەن یانە باڤارییەکەوە دەدرێتێ و بەوەش ئەگەر ببێتە راهێنەری ئەڵمانیا، پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێ بڕە پارەیەک بداتە بایرن میونشن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو راهێنەرە کە پێشبینیکراوە لە 10 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نەبێت.
 
کەسایەتی و ئەستێرەکانی پێشووی ئەڵمانیا داوا دەکەن راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە کەسایەتییەکی کاریگەر و شارەزابێت، بێرتی ڤۆگتس پێیوایە شیاوترین کەس بۆ پۆستەکە، یۆرگن کلۆپی راهێنەری ئێستای لیڤەرپوولی ئینگلیزییە، لە کاتێکدا فیلێکس ماگات پێیوایە ئەو دەتوانێت لەئاستی بەرپرسیارێتییەکەدا بێت و پێشەوایەتی هەڵبژاردەکە بکات لە قۆناخی هەستیاری داهاتوودا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە