ڤیدیۆ؛ خۆپێشاندان دژی رۆناڵدۆ دەستیپێکرد

12-09-2023
ئیحسان تاهیر
رۆناڵدۆ نازاریۆ
رۆناڵدۆ نازاریۆ
نیشانەکردن رۆناڵدۆ نازاریۆ ڤایادۆلید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هاندەرانی یانەی ڤایادۆلیدی ئیسپانی، خۆپێشاندانێکیان دژی خاوەنی یانەکەیان، رۆناڵدۆ نازاریۆی ئەفسانەی بەرازیلی ئەنجامدا.
 
لە خۆپیشاندانێکدا هاندەرانی ئەو یانە ئیسپانییە چوونە دەرەوە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە خاوەنی یانەکە، ئەفسانەی بەرازیلی رۆناڵدۆ نازاریۆ لیما، کە پێیانوایە ئەو هۆکاری سەرەکی ئەو ئەنجامە خراپانەی یانەکەیانە.
 
ڤایادۆلید لە لالیگا دابەزیوە بۆ خولی پلە دووی ئیسپانیا، لەوێش وەرزێکی زۆر خراپ پێشکێش دەکات، کە تاوەکو ئێستا لە پێنج یاریی رابردوویدا تەنیا چوار خاڵی کۆکردووەتەوە، ئەمەش بووە هوکارەی ناڕەزایەتی هاندەران، کە لە دەرەوەی یاریگای خۆسێ زوریلا خۆپێشنادانیان کرد و دووپاتیانکردەوە کە چیدی ئەو دۆخە خراپەی یانەکەیان قبوڵ ناکەن.
 
رۆناڵدۆی دیاردە، کە ساڵی 2002 لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بووە پاڵەوانی جیهان، لە ساڵی 2018 بوو بە خاوەن پشکی سەرەکی یانەی ڤایادۆلید، کە ئەوکات بەڵێنی بە هاندەرانی یانەکە دا، بیکاتە یانەیەکی رکابەر لە لالیگادا، بەڵام ئەوە نەهاتەدی و یانەکە ساڵ بە ساڵ لە پاشەکشەدایە.
 
یەکێک لە هاندەرانی یانەکە، کە بەشداری لە خۆپێشاندانەکەدا کردووە، گوتی "رۆناڵدۆ تاوانبارە، چونکە ئەو خاوەنی یانەکەیە، ئەو کەسەیە کە بڕیارەکان دەدات، ئەو هیچی نەکردووە کە یارمەتی یانەکە بدات، تەنیا ئەو بڕیارانە دەدات کە یارمەتیی دەدات دەوڵەمەندتر بێت".
 
یەکێکی دیکەش دەڵێت "رۆناڵدۆ ئەگەر نەتوانێت وەک یاریزانێک سەرۆکێکی باش بێت، پێویستە یانەکە بفرۆشێت و بڕوات، ئەو تەنیا هاوڕێکانی دەهێنێت بۆ ناو دەستەی کارگێڕیی یانەکە. ئەمە یانەیەک نییە کە بە هاوڕێیەتی بەڕێوەی ببەن، ئەگەر بەردەوام بین لەم کارە جارێکی دیکە دادەبەزین، ئەوە میرات نییە کە دەیەوێت بەجێیبهێڵێت".
 
هەروەها هاندەرێکی دیکەی ڤایادۆلید، گوتی "من لێرەم بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی دەرببڕم بەرامبەر دەستەی کارگێڕیی یانەی ڤایادۆلید و دژی سەرۆکی یانەکە، پێویستە یاریزانەکان کاری خۆیان بکەن، پێموایە رۆناڵدۆ وەک یاریزان ئەستێرەیەک بوو، بەڵام وەک سەرۆک گەیشتە بنبەست".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە