پێپ دەگەڕێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەکانی ئینگلتەرا وادەی گەڕانەوەی پێپ گواردیۆلایان بۆ سەرپەرشتیکردنی مەشقەکانی یانەکەی ئاشکراکرد، پاشئەوەی بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە ماوەیەک لە تیپەکەی دابڕا.
 
بەپێی سەرچاوەکان پێپ بەرلە رووبەڕووبوونەوەی نێوان سیتی و وێستهام لە پرێمەرلیگ، جارێکی دیکە کارەکەی وەردەگرێتەوە.
 
گواردیۆلا، لە هەردوو یاریی یانەکەی بەرامبەر شیفیڵد یونایتد و فولهام لە پرێمەرلیگ دابڕا، پاشئەوەی نەشتەرگەری لە پشتیدا ئەنجامدا و پزیشکەکان پشوویان بەودا.
 
مانچێستەر سیتی رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەفتەی پێنجەمی پرێمەرلیگدا، دەبێتە میوانی وێستهام.
 
لەماوەی دابڕانی پێپدا، خوانما لیۆ، یاریدەدەری گواردیۆلا، بەرپرسیارێتی تیپەکەی لە شوێنی راهێنەرە ئیسپانییەکە لە ئەستۆ گرت، بەڵام بەردەوام پێپ پەیوەندی بە تیپەکەیەوە هەبوو.
 
بەپێی تۆڕی 'مانچێستەر ئیڤنینگ نیوز' پێپ چاکبووەتەوە و ئەو رۆژی چوارشەممە، بەرلەوەی یاریزانەکانی لە بەشدارییە نێودەوڵەتییەکان بگەڕێنەوە و لەگەڵ یانەکەدا دەست بە مەشق بکەنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی.
 
پێپ ماوەی پشوو و چاکبوونەوەی لە نەشتەرگەرییەکەی لە شاری بارسێلۆنای ئیسپانی بەسەربرد.
 
سیتی ئەمساڵ بەهێزەوە رکابەرییەکانی خولی پرێمەرلیگی دەستپێکردووەتەوە و لە چوار یاریدا چوار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و پێشەنگی خولەکەی گرتووە.