ڤیدیۆ؛ کارلۆس ئەلکاراز مێژووی تۆمار کرد

12-09-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کارلۆس ئەلکاراز
کارلۆس ئەلکاراز
نیشانەکردن کارلۆس ئەلکاراز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆس ئەلکاراز، تێنسزانی لاوی ئیسپانی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نازناوی پاڵەوانێتییەکی گەورەی تێنسی بردەوە و بووە پاڵەوانی ئەمریکای کراوە.
 
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، ئەلکاراز بەرامبەر کاسپەر رودی نەرویجی یارییکرد، هەر زوو ماتادۆر بە شەش چوار پێشکەوت و کۆمەڵەی یەکەمی بردەوە، بەڵام کاسپەر لە کۆمەڵەی دووەمدا بەهێزەوە گەڕایەوە و بە شەش دوو ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
کۆمەڵەی سێیەم رکابەریی هەردوو تێنسزانەکە گەیشتە لووتکە، دوای هەڤرکییەکی زۆر تێنسزانەکەی ئیسپانیا ئەو کۆمەڵەیەشی بە حەوت شەش بردەوە و پێشکەوت.
 
دوای ئەمە ئاستی کاسپەر دابەزی و ئەلکارازیش زیاتر درەوشایەوە، بە شەش سێ کۆمەڵەی چوارەمی یەکلاکردەوە و بە سێ کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک، دوای زیاتر لە سێ کاژێر رکابەرییکردن نازناوەکەی بردەوە.
 
ئەلکاراز تەمەنی 19 ساڵ و 4 مانگ و شەش رۆژ بوو، کاتێک بووە پاڵەوانی یوئێس ئۆپن، بەمەش بووە بچووکترین تێنسزان لە دوای پیت سامپراسەوە لە 1990 تاوەکو ئێستا نازناوەکە بباتەوە، هەر ئەوەندەش نا، بچووکترین یاریزانە لە دوای رافایێل نادالەوە لە 2005 تاوەکو ئێستا نازناوی پاڵەوانێتییەکی گراندسلام بباتەوە.
 
کارلۆس بەبردنەوەی نازناوەکە بووە چوارەم تێنسزانی ئیسپانیا، دوای مانوێل سانتانا، مانوێل ئورانتێس و رافایێل نادال، نازناوی پاڵەوانێتییەکە بەدەستبهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە