ڤیدیۆ؛ ئەو گۆڵەی هەرایەکی گەورەی نایەوە و 4 کارتی سوور بەهۆیەوە بەرزکرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رەتکردنەوەی گۆڵی سێیەمی یانەی یوڤێنتوس لە یارییەکەی شەوی یەکشەممەدا بەرامبەر یانەی سالێرنیتانا، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و کاپتنی یوڤێنتوس دەڵێت " رەنگی چیمەنەکە دەریدەخات کە زوڵممان لێکراوە."
 
لە یارییەکەدا سەرەتا سالێرنیتانا دوو گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام دوای ئەوەی یوڤێنتوس دوو گۆڵەکەی کردەوە، لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا، ئێرکادیۆش میلیک گۆڵی سێیەمی یوڤێنتوسی تۆمارکرد، دوای گەڕانەوەی ناوبژیوان بۆ سیستمی ڤار، گۆڵەکە بەبیانووی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە، کە گوایە لیوناردۆ بۆنوچی هێڵی ئۆفسایدی بڕیوە، کە هەرچەند یاریزانەکە نەگەیشتە تۆپەکە، بەڵام لەکاتی ئاراستەکردنی لەلایەن میلیکەوە جوڵەی کرد.
 
رەتکردنەوەی گۆڵەکە ئاڵۆزییەکی زۆری دروستکرد، میلیک کارتی دووەمی زەردی وەرگرت و بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، بەهۆی ئەوەی لەکاتی تۆمارکردنی گۆڵەکەدا درێسەکەی داکەند، بەڵام گۆڵەکەی هەژمارنەکرا
 
گرژییەکان تەشەنەیان سەند، یاریزانەکان بەریەککەوتن، فابیۆ فازیۆ، لە یانەی سالێرنیتانا، خوان کوادرادۆ لە یوڤێنتوس و ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری خانمە پیرەکە بەهۆی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیارەکانی نابژیوانی یارییەکە کارتی سووریان پێدرا.
 
دوای یارییەکە لیۆناردۆ بۆنوچی کاپتنی یانەی یوڤێنتوس گوتی " لێکدانەوەی ناوبژیوان وایە کە من بەشداریم لە لێدانەکەدا کردووە، هەرچەند بەرکەوتنم لەگەڵ تۆپ نەبووە، دووپاتیشیدەکاتەوە کە لە ئۆفسایددا نەبووە."
 
لیۆناردۆ زیاتر دەڵێت " گومان هەیە کە ئەنتۆنیۆ کاندرێڤا لە ئۆفسایددا بووبێت، لە دیمەنەکاندا دیارە کە کاندرێڤا لە پێشمنەوەیە، سەیری رەنگی چیمەنی یاریگەکە بکەن دەبینن کە من لە ئۆفسایددا نیم، هیواخوازبووین ناوبژیوان سەیری کاندرێڤایان کردبا، بەڵام لەراستیدا هەرگیز نایزانن."
 
 یارییەکە بەیەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات و یوڤێنتوس لە یاریگەی خۆیدا دوو خاڵی لەدەستدا.