دڕندەترین کەسایەتی بازاڕی گواستنەوە نهێنییەکانی دەدرکێنێت

12-09-2021
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فابریزیۆ رۆمانۆ مێرکاتۆ
A+ A-
رێبوار محەممەد

هەر کە گوتی " هێر وی گۆ " کە لە کوردیدا وەرگێڕانێکی دروست بۆ ئەو سێ وشەیە نییە، ئیدی هەمووشتێک تەواوبووە، " هێر وی گۆ " بووەتە مۆرکی رۆمانۆ. باشترە ئێمە بڵێین دەستمانپێکردەوە یان بەزمانە بازاڕییەکە " بەزمەکەیە "، بۆیە کە بینیتان فابریزیۆ رۆمانۆ نووسیویەتی " هێر وی گۆ " شتێک قەوماوە، یان بەدڵنیاییەوە دەقەومێ.
 
وەکخۆی ناویناوە، ئەم هاوینە سەرشێتانەترین هاوینی گواستنەوەی یاریزانان، بوو لە مێژووی تۆپی پێی ئەوروپادا. هەروەک خۆیشی دەڵێت، کێ بڕوای دەکرد مێسی،  رۆناڵدۆ، لوکاکو، سێرخیۆ رامۆس و جاک گریلیش، لە یەک هاویندا یانەکانیان بگۆڕن و بارگە و بنەیان لە یانەیەکەوە بۆ یانەیەکی دیکە بگوازنەوە، ئاخر ئەوە ناچارمان دەکات هاوینەکە ناوبنێین "سەرشێتانەترین" لە مێژووی تۆپی پێدا.
 
ئەم هاوینە، ئەوەندەی هەواڵی گواستنەوەی یاریزانان، چوونی مێسی بۆ پاریس سانجێرمان، رۆناڵدۆ بۆ مانچێستەر سیتی! لوکاکو بۆ چێڵسی و ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید دونیای بەخۆیەوە سەرقاڵکرد، ئەوەندە و زیاتریش تویت و پۆستە لەناکاو و باوەڕپێنەکراوەکانی فابریزیۆ رۆمانۆ هەموو هەوادارانی تۆپی پێی لە جیهاندا بەخۆوە سەرقاڵکرد.
 
رۆمانۆ رۆژنامەڤانێکی ئیتاڵییە، پسپۆڕ و تایبەتمەندی گواستنەوەی یاریزانانە، ئەم هاوینە بووە باوەڕپێکراوترین سەرچاوەی تایبەت، بە هەواڵی گواستنەوەی یاریزانان، لە هەندێک میدیادا وایلێهات، دەنگۆی گواستنەوەی یاریزانێک لە نێوان راستی و ناڕاستیدا رۆمانۆ یەکلاییدەکردەوە، ئەگەر ئەو لە پۆستێکدا بیگوتایە دەبێت، ئیدی دەبووە راستی، خۆ گەر بیگوتایە نابێت یان هیچی نەگوتایە، وەک ئەوەبوو هەواڵەکە هیچ بنەمایەکی نەبێت. رۆمانۆ ئێستا تەنیا لە تویتەر خاوەنی 5 ملیۆن فۆڵۆوەرسە، تا دێش ژمارەکە زیاتر و زیاتر دەبێت، چونکە ئەو بە هەواڵە راستەکانی، سەلماندی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی گواستنەوەکانە.
 
رۆمانۆ، پاش دامرکانەوەی کەفوکوڵی گواستنەوەکانی هاوینی ئەمساڵ، لە وتارێکدا باسی لە رووداوەکانی پشتی پەردەی گواستنەوەکان کردووە. 
 
ئەو رووداوانە نا کە روونیدەکەنەوە دانووستاندنەکان چۆن روویاندا و کێ بڕیاری لە گواستنەوەکاندا، ئەو باسی ساتە هەستیارەکانی گواستنەوەی یاریزانان لە هاوینی ئەمساڵدا دەکات لە روانگەی خۆیەوە، روانگەی رۆژنامەڤانێک کە بەدواداچوون بۆ سەرەداوی هەواڵەکان دەکات و دەنگۆکان لە نێوان راست و ناڕاستدا، یەکلادەکاتەوە.
 
ئەو دەڵێت "ساڵانێکی زۆرە چاودێری بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەکەم، جوانترین شت لەو بازاڕەدا، ئەوەیە کە نازانی پاش چەند خولەکێکی دیکە چی روودەدات". رۆمانۆ راستدەکات، ئاخر تا دوا خولەک جیهان چاوەڕێی دەکرد کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سیتی ببینێت، کەچی لە چاوتروکانێکدا چووەوە یونایتد.
 
رۆژنامەڤانە ئیتاڵییەکە سەرەتای ئەوەی ناویناوە هاوینە شێتانەکە، بۆ کۆتاییەکانی مانگی ئایار دەگێڕێتەوە، ئەوکاتەی وەک ئەو دەڵێ "لەپشوویەکدا بووم و درەنگانی شەو بوو، تەماشای مۆبایلەکەمم کرد، چاوەڕێی هیچ هەواڵێک نەبووم، چونکە لە رۆژێکی نوێ نزیکدەبوومەوە، بینیم دوو تەلەفۆن و نامەیەکی واتسئاپم بۆ هاتووە، لە نامەکەدا نووسرابوو، فابریزیۆ، زینەدین زیدان بەبەرپرسانی ریال مەدریدی گوتووە لە تیپەکە دەڕوات، سبەی زیدان هەمان بڕیار بە فلۆرێنتینۆ پێرێز رادەگەیێنێت، لەو هەواڵە بکۆڵەوە".
 
فابریزیۆ رۆمانۆ وەکخۆی دەڵێ، "هەرچەندە گرێبەستێکی گەورە ئەنجام بدرێت و کۆتایی بەداستانی گواستنەوەی ئەستێرەیەک بێت، من لە هەمووان زیاتر دڵخۆشدەبم، ئەوکات لەژێر فشارێکی زۆر دێمە دەرەوە و هەست بەئازادی دەکەم". 
 
چیرۆکی گواستنەوەی سانچۆ لە بۆرووسیا دۆرتمۆندەوە بۆ مانچێستەر یونایتد، وەک ئەو دەڵێت "لە مانگی شوباتی 2020ـەوە دەستیپێکرد و لە تەمووزی 2021دا کۆتاییهات، ناتوانم بیژمێرم چەندە نامەم بۆ هات و چەندە نامەم نارد لەسەر ئەو بابەتە، بێگومان چەندیش تەلەفۆنم کرد، بۆ رووماڵکردنی ئەو رووداوە؟ ئەوەیان هەر دیار نییە".
 
"ئێوارەیەک لە ئاهەنگێکی خۆڕایی شەوانەی گۆرانیبێژی ئیتاڵی پاولۆ کۆنتی بووم، لە ناوەڕاستی یەکێک لە گۆرانییەکانیدا، دوو تەلەفۆنی بەسەریەکەوەم بۆ هات، وەڵامم نەدانەوە، بەڵام دواتر تەلەفۆنکەرەکە، لە واتسئاپ نامەیەکی بۆ ناردم تێیدا نووسیبووی، گرێبەستەکەی ڤاران کۆتاییهات. بەیانیی رۆژی دواتر دەبوو لەو هەواڵە دڵنیاببمەوە، چونکە ناتوانم هەواڵێکی لەو شێوەیە بڵاوبکەمەوە تاوەکو 100٪ دڵنیانەبم"، ئەمە بەشێکی دیکەی چیرۆکەکەی فابریزیۆیە لە هاوینی ئەمساڵدا.
 
بۆ رۆمانۆ وەکخۆی دەڵێت "گواستنەوەی لۆکاکۆ باوەڕپێنەکراو بوو، چونکە لەسەرەتادا پێنەدەچوو ئینتەرمیلان بە دەستەوارەکەی چێڵسی رازی ببێت، کەچی لەناکاو هەواڵم بۆ هات کە هەموو شت تەواو دەبێت".
 
گواستنەوەیەکی دیکە، وەک رۆمانۆ دەڵێت، چوونی کاماڤینگا بوو بۆ ریال مەدرید، ئەو دەڵێت "رۆژی بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی گواستنەوەکە، پاشنیوەڕۆکەی کۆبوونەوەیەکم هەبوو، سەرچاوەیەک لە تۆپی پێی ئیسپانیا پێیگوتم، نابێ ئەوە بەدووربگرم کە بۆی هەیە گرێبەستێکی لەناکاو لەگەڵ کاماڤینگادا بکرێت، ئەو گوتی (هێشتا هەموو شت تەواو نەبووە)، ئێوارەکەی کاتێک سەرقاڵی خواردنی نانی ئێوارەبووم، هەواڵێکی دڵنیاکەرەوەم پێگەیشت کە ریال مەدرید گرێبەستێکی بە بەهای 31 ملیۆن یۆرۆ و هەندێک زیادەی دواتر، داوەتە لیل، سەرم لەسەر مۆبایلەکەم هەڵبڕی و بەو کەسانەم گوت کە لەسەر مێزکە لە چواردەورم بوون، دەستەوارەکە قبووڵکرا، هەموو شت کۆتاییهات، کاماڤینگا چووە ریال مەدرید، هەمووان حەپەسان".
 
گواستنەوەکەی مێسی، وەک هەموو کەسێکی دیکە، بۆ رۆمانۆش پڕ جۆشوخرۆش بوو، ئەو دەگێڕێتەوە "کاژێر 11:59 خولەکی شەوی 10ـی ئاب، نامەیەکم بۆ هات، تێیدا نووسرابوو واژۆی هەموو شتکرا، گرێبەستەکە کۆتاییهات، ئەوە پوختەی هەواڵی چوونی لیۆنێل مێسی بوو بۆ پاریس سانجێرمان، بەڵام باوەڕ پێنەکراوبوو، چونکە هیچ کەس لەوە دڵنیانەبوو کە مێسی دەڕوات، چەندە دەیانگوت دەڕوات، ئەوەندەش دەیانگوت لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە".
 
وەک خۆی دەگێرێتەوە، رۆمانۆ لەپێناو دڵنیابوونەوە لە رۆیشتنی مێسی، ناچاربوو هەر 30 خولەک جارێک تەلەفۆن لەگەڵ سەرچاوەکانیدا بکات، ئەو دەڵێت "ئەوە قورسترین گرێبەستبوو لە ژیانمدا رووماڵم کردبێت".
 
رۆمانۆ باسی گواستنەوە جادووییەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆش دەکات بۆ مانچێستەر یونایتد، جادووییە چونکە وەک جادوویەک روویدا، هەمووان دڵنیابوون لە چوونی بۆ مانچێستەر سیتی، کەچی لە دوا خولەکدا، مان یو، هەموو شتێکی قڵپکردەوە. ئەو دەڵێت "ئەستەمە لەبیری بکەم کاتێک لە نیوەشەوێکدا هاندەرێکی یونایتد ریتویتی تویتێکی خۆم بۆکردم و نووسیبووی "بەڵێ خۆرخی مێندێز پەیوەندی بە بەرپرسانی مانچێستەر یونایتدەوە کردووە لەپێناو گواستنەوەی رۆناڵدۆدا. دوای سێ رۆژ لە دانووستاندن لەگەڵ بەرپرسانی مانچێستەر سیتی، مێندێز پەیوەندی بە بەرپرسانی مانچێستەر یونایتدەوە کردبوو، کارەکە زۆر بەخێرایی روویدا و رۆناڵدۆ چووەوە بۆ ئۆڵدترافۆرد".
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، باس دوا ساتەکانی گواستنەوەی هاوینە دەکات، ئەو ساتانەی تێیدا سێ گرێبەست بەیەکەوە پەیوەستبوون، گریزمان لە بارسێلۆناوە بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید، ساول نیگێز لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بۆ چێڵسی و دییۆنگ لە سیڤییاوە بۆ بارسێلۆنا. رۆمانۆ دەڵێت "ئەو سێ گرێبەستە پشتیان بەیەکدی دەبەست، وەک یاری دۆمینە، پوولەکان بەناو یەکدا دەچوون".
 
ئەو دەگێڕێتەوە "بەزارەکی رێکەوتن لەسەر هەموو شتکرابوو، بەڵام دەبوو گرێبەستەکانی هەرسێ گواستنەوەکە واژۆ بکرێن، کات زۆر درەنگبوو هێشتا هیچ رووینەدابوو، لە ئیسپانیا باس لە شکستی گواستنەوەی گریزمان و دییۆنگ دەکرا، ئەمەش بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە چوونی ساول بۆ چێڵسی، دڵەڕاوکەیەکی زۆر هەبوو، لە گەرمەی گەڕانم بەدوای هەواڵی دڵنیایی بەخشدا، دوو لە سەرچاوەکانم هەرچەندی کردم وەڵامیان نەدەدامەوە، تەلەفۆنم دەکرد و کەس نەیدەگووت بەڵێ، لە هەمانکاتدا یەکێکی دیکەیان پێیگوتم، پۆزەتیڤ و ئارام بمێنەرەوە".
 
وەک خۆی دەگێڕێتەوە، "لە نێو دڵەڕاوکەیەکی قووڵدا دەژیام، پاش 12 کاژێر لە کاری تاقەتپڕووکێن، نامەیەکم بۆ هات، تێیدا نووسرابوو "گواستنەوەی ساول بۆ چێڵسی کۆتاییهات". ئەو چەند وشە کەمە، بەرامبەر یەک هاوین کارکردن بوو، چونکە سەرکەوتنی ئەو گواستنەوەیە مانای سەرگرتنی گواستنەوەکەی گریزمان و دییۆنگی دەگەیاند، کاتێک تویتێکم کرد و ئەوەم نووسی، هاندەران بە ریتویت و کۆمێنت شێتیانکردم، ئەوە وەک تۆمارکردنی گۆڵێکی چارەنووسساز و ئاهەنگگێڕانێکی شێتانەبوو، ئەوە ئەو ساتە پڕخۆشییەیە کە ئەو ئیشە پێتدەبەخشێت".
 
دوای داخستنی دەرگاکانی گواستنەوە، ئارامبوونەوەی هەواڵەکان و دەنگۆی گواستنەوەکان، هەموو ئەوەی لە هاوینی ئەمساڵدا روویدا، بۆ رۆمانۆ فابریزیۆ، دوو وانەی مەزنیان تێدابوو، "یەکەمیان، هەموو شتێک بۆی هەیە رووبدات، بەڵام بەرلەوە پێویستە رێز لەو کەسە بگرم کە زانیارییەکانم پێدەدات، بڵاوکردنەوەی ئەوەی روودەدات بەڕاستگۆیانە بۆ خەڵک، کارێکی قوورس و تاقەتپڕووکێنە، بەڵام ئەوە کارێکی پیرۆزە، واتلێدەکات هەست بکەیت ئەوە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی عاشقی ئەم ئیشە بیت، (رۆژنامەڤانی)، وانەی دووەمیش بەدێڕێک دەخەمەڕوو، بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان تاکە شوێنە لە دونیادا کە دەکرێ تێیدا خەیاڵ، راستی تێپەڕێنێت".
 
ئەوەی باسی لێوەدەکرێت گەنجێکی 28 ساڵانەی ئیتاڵییە، کە لەتەمەنی 19 ساڵیدا چووەتە کەناڵی سکای سپۆرتس و دەستی بە کارکردن کردووە، لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا شەویوا هەبووە تەنیا 4 بۆ 5 کاژێر خەوتووە هەر خەریکی بەزمەکەی بووە، بەیانیان کە هەڵدەستێک لە 10:00ـەوە تا ئەو کاتەی دەخەوێت چاوی لەسەر مۆبایلەکەیەتی، هەڵبەتە کارەکانی ئەم لە کاتی کردنەوەی بازاڕی گواستنەوەدا قورستردەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە