پێرسپۆلیس گەیشتە پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا


رووداو - هەولێر

یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی خۆی گەیاندە یاریی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەسەر یانەی ئەهلی سعودی بەدەستهێنا.

لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا پێرسپۆلیس لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی ئەهلی و یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.

لە خولەکی 5 عەلی عەلی پۆر گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، دوای ئەوە لە خولەکی 12 کەمالەدین کامیابینیا لە پێرسپۆلیس بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، لە گێمی دووەمدا لە خولەکی 52 ساڵح ئەلعمری ئەنجامەکەی بۆ ئەهلی یەکسانکردەوە، پاشان لە خولەکی 83 گۆدوین مەنشای نەیجیری بەلێدانی سزا گۆڵی دووەمی یانە ئێرانییەکەی تۆمارکرد، لە دوایین خولەکی کاتی زیادکراویشدا مەهدی تەرامی بەهەمان سیناریۆ گۆڵی سێیەمی بۆ یانەکە تۆمارکرد و پێرسپۆلیس بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بە 5 گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ گەیشتە یاریی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.