ریال مەدرید دەیەوێت گەوهەرێکی نوێی بەرازیلی راوبکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤیتۆر رێیس ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، چاوی خستووەتە سەر گەوهەرێکی نوێی بەرازیلی و دەیەوێت بیگوازێتەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی لە دڵی بەرگری یانەکەی.
 
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، کارگێڕیی ریال مەدرید چاودێری ڤیتۆر رێیسی بەرگریکاری یانەی پاڵمێراسی بەرازیلی دەکات و هەوڵ دەدات بیگوازێتەوە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤیتۆر رێیس، بەرگریکارە لاوەکەی تەمەن 18 ساڵ، سەرنجی یانەی ریال مەدرید و تیپە گەورەکانی دیکەی ئەوروپای راکێشاوە.
 
وەک سپۆرت باسی دەکات "ڤیتۆر رێیس لە کاتێکی پێوانەییدا وەک یاریزانێکی سەرەکی  خۆی بەسەر پێکهاتەی پاڵمێراسدا سەپاند، هەروەها دەریخست کە ئامادەیە بۆ رووداوە گەورەکانی تۆپی پێ لەگەڵ تیپەکەیدا، بۆیە ئەو یاریزانە سەرنجی یانەی ریال مەدریدی بۆ لای خۆی راکێشاوە".
 
ڤیتۆر رێیس لە وەرزەکانی رابردوودا هاوڕێی ئێندریکی یاریزانی ئێستای ریال مەدرید بوو، بەو پێیەی لە تیپەکانی لاواندا پێکەوە یارییان کردووە، بەڵام ئەوە لە تیپی یەکەمدا رووی نەدا، چونکە کاتێک رێیس یەکەم یاریی خۆی بۆ پاڵمێراس ئەنجامدا، ئێندریک لە کۆپا ئەمریکا بوو".
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی هەروەها رایگەیاندووە، یانەی ریال مەدرید پێشتر پەیوەندی بە دەستەی بەڕێوەبەری یانەی پاڵمێراسەوە کردووە، بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر دۆخی ڤیتۆر رێیس پێبدەن.
 
روونیشیکردەوە، ریال مەدرید شۆکێکی زۆری پێگەیشت کاتێک زانی ڤیتۆر رێیس گرێبەستەکەی لەگەڵ پاڵمێراس نوێکردووەتەوە تاوەکو ساڵی 2028، هەروەها یاریزانە تەمەن 18 ساڵەکە مەرجی سزایی 100 ملیۆن یۆرۆی هەیە.
 
ڤیتۆر رێیس وەک بەرگریکاری ناوەڕاست یاری دەکات، و باڵای 186 سانتیمەترە، و بەرگریکارە لاوەکە وەرزی رابردوو لە 8 یارییدا بەشداری کرد و گۆڵێکی تۆمارکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە