ریال مەدرید لەگەڵ ئێمباپێ چۆن یاریدەکات..


رووداو دیجیتاڵ

هاتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ یانەی ریال مەدرید و رۆیشتنی تۆنی کرووس، لەوانەیە هۆکار بن بۆ گۆڕانی فەلسەفەی یاریکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی
 
لەگەڵ دەستپێکی مێرکاتۆدا یانەی ریال مەدرید، گواستنەوەی یاریزانی فەرەنسی، کیلیان ئێمباپێی راگەیاند، ئەگەر ئەو یاریزانە بەشێوەیەکی راست بەکاربهێنرێت لە سیستەمی ریال مەدرید ئەوە دەتوانێت قوڵاییەکی هێرشبەری زۆر زیاتر بە یانە مەدریدییەکە ببەخشێت و هۆکار بێت بۆ زیادبوونی ژمارەی گۆڵەکان لە وەرزی داهاتوودا.
 
ئێمباپێ، دەتوانێت لە چەند شوێنێکی جیاواز یاریبکات لە ریزەکانی پێشەوە، ئەو یاریزانە لە باڵەکانی راست و چەپ توانای یاریکردنی هەیە و دەتوانێت وەک سەرەڕمیش ئاستێکی باش پێشکەشبکات،
بەڵام لێرەدا بابەتی ئێمباپێ لەسەر ئەو ئەرکانە دەوەستێت کە کارلۆ ئەنچێلۆتی پێی دەسپێرێت.
 
ریال مەدرید دەڕواتە قۆناخێکی نوێوە، هێڵی ناوەڕاستی ئەو یانەیە هەنگاودەنێت بەرەو قۆناخی دوای کرووس، ئەو یاریزانەی چەندەها ساڵە خزمەتی یانە مەدریدییەکە دەکات ماڵئاوایی کرد و پێویستە شوێنی پڕبکرێتەوە و شوێنگرەوەکەی مشتومڕ دروستدەکات.
 
ئەگەر لە یارییە ئامادەکارییەکان بڕوانین، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەنچێلۆتی هەوڵیداوە ئەو شوێنە بە دانی سیبایۆس، پڕبکاتەوە.
 
سیبایۆس ئاستێکی باشی پێشکەشکرد لەو یارییانەی کە لەو شوێنە یاریکرد، بەڵام ئایا ئەو ئاستە بەسە بۆ ئەوەی شوێنی یەکێک لە گەورەترین ئەفسانەکانی یانەکە پڕبکاتەوە؟ ئایا بەو ئاستە دەتوانێت هەمان ئەرک و گرنگی کرووسی هەبێت؟ ئەو پرسیارانە لە بیر و هزری ئەنچێلۆتیدا دەخولێنەوە
 
ئەنچێلۆتی بژاردەیەکی دیکەی لە بەردەستدایە، ئەویش گەڕانەوەی بێلینگهامە بۆ شوێنی پێشووتری خۆی لە ناوەڕاستی یاریگا، ئەو یاریزانە ئینگلیزییە لە یانەی بۆرووسیا دۆرتمونددا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەو شوێنە یاریکردووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی بۆ یانەی ریال مەدرید، ئەو یاریزانە لە پشت هێرشبەرەوە یاری پێدەکرا.
 
لە بژاردەیەکی دیکەدا کارلۆ ئەنچێلۆتی دەتوانێت سیستەم شێوازی دابەشبوونی یاریزانەکانی یانەکە بگۆڕێت، لە جیاتی بەکارهێنانی پلانی یاریکردنی 4312ی ئەڵماسی کە لە وەرزی رابردوودا کارلۆ ئەنچێلۆتی بەکاریدەهێنا، لەم وەرزەدا بە سیستەمی 4231 یاری بکات، لەم پێکهاتەیەدا ریال مەدرید دوو باڵەکەی، ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ دەبن و بێلینگهام ئەرکی یاری دروستکردن لە ئەستۆدەگرێت و کیلیان ئێمباپێ سەرەڕم دەبێت.
 
بەڵام کێشەکە لەوە دەبێت کە پێویستە ریال مەدرید بە دوو چەق یاریبکات، کاماڤینگا، چوامینی و ڤالڤێردی یەکێکیان پێویستە یەدەگ بێت، ئەمە جگە لەوەی بەو شێوەیە، یاریزانانی وەک لوکا مۆدریچ و سیبایۆس شوێنیان لە پێکهاتەی ریال مەدریددا نابێتەوە.
 
بەڵام ئەوەی پێشبینیکراوە کارلۆ ئەنچێلۆتی، بە شێوازی 4-3-3ـی کلاسیکی یاریبکات وەک ئەوەی لە یارییە ئامادەکارییەکاندا ئەنجامیدا، بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوە دەبێت، کێ سەرەڕم دەبێت لە پێکهاتەیەکی لەو شێوەیە؟ ئێمباپێ؟ ڤینیسیۆس؟ ئەگەر ئێمباپێ بێت، ئایا دەتوانێت بێتە قوڵایی یاریگاوە و هەمان ئەرکی بنزیمای پێشتر بەجێبهێنێت؟ ئەگەر ڤینیسیۆس بێت، ئایا دەتوانێت ئەرکی گۆڵکردن بگرێتە ئەستۆ لە پاڵ ئەرکەکانی دیکەی؟
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی لە بەردەم ئەرکێکی قورسدایە بۆ رێکخستنەوەی یەدەگەکانی، هەندێک یاریزانی لاو و هەندێکی دیکە لەو یاریزانانەی ئیتر کاتی ئەوەیە سەرەکی بن و لەم کاتەی کاروانی وەرزشییاندا ناکرێت لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشن.
 
ئیبراهیم دیاز، تەمەنی 25 ساڵە و لە وەرزی رابردوو و یارییە ئامادەکارییەکانی ئەم وەرزەدا ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکردووە.
 
رۆدریگۆی 23 ساڵ لە وەرزی رابردوودا ئەگەری رۆیشتنی لە یانە مەدریدییەکە لە ئارادابوو لەبەر کەمی یاریکردنی.
 
ئاردا گولەر لەوانەیە کێشەکانی کەمتر بێت، بەڵام دوای ئاستە ناوازەکەی لە یۆرۆدا پێشبینی دەکرێت داوای کاتی زیاتر بکات.
 
دانی سیبایۆس تەمەنی 28 ساڵە و پێویستی بە کاتی زیاترە.
 
کاماڤینگای 21 ساڵ، چەند وەرزە ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات، بەڵام هێشتا روون نییە ئەو یاریزانە سەرەکی دەبێت یان نا.
 
کێشەیەکی دیکە کە ئەنچێلۆتی لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی، گونجاندنی هێڵی بەرگرییە لەگەڵ سیستەمە نوێیەکەی یانەکە، چونکە ئەگەر یانەکە بە شێوەیەکی هێرشبەری زیاتر یاریبکات ئەوا پێویستە چوار یاریزانەکەی هێڵی دواوە ئاستێکی باشتر لەوەی ئێستا پێشکەش بکەن چونکە لە سیستەمێکی لەو شێوەیەدا دەبێت پێشبینی یارمەتیدانی کەمتر بکەن لە یاریزانەکانی هێڵی ناوەڕاست و هێڵی هێرشبەری.
ئەوەشمان بیرنەچێت، کارلۆ ئەنچێڵۆتی پێش چەند رۆژێک رایگەیاند "پێویستە باڵەکانی هێرشبەری ئەرکی بەرگریکردن لە رێی گوشارکردنە سەر تیپی بەرامبەر بگرنە ئەستۆ"
 
ئەمە لەکاتێکدایە، فلۆرێنتینۆ پێرێز رایگەیاندووە کە یانەکە هیچ یاریزانێکی نوێ ناگوازێتەوە ریزەکانی و دەرگای گواستنەوەکان بۆ ئەو یانەیە داخراوە.
 
ریال مەدرید، بەهەر سیستەمێک یان پێکهاتەیەک یاریبکات چاوەڕێی ئاستێکی بەرز و چێژبەخشی لێدەکرێت و هاوشانی ئەو ئاستە بەدەستهێنانی نازناو و ئەنجامی گونجاو لەگەڵ پێگە و مێژووی ئەو یانەیە.