فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ ئەستێرەیەکی پێشووی ریال مەدرید: ئەوەی رۆیشت ناگەڕێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

یەکێک لە ئەستێرەکانی پێشووی یانەی ریال مەدرید پەشیمانە لە جێهێشتنی ریزەکانی یانەی شاهانە و داوای لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە کردووە بیگەڕێنێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەڵام پێرێز پێیگوتووە "ئەوەی لە ریال مەدرید بڕوات جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە".
 
مارکۆ ئاسێنسیۆ، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید راشکاوانە دانی بەوەدا ناوە کە پەشیمانە لەوەی لە یانەکە رۆیشتووە و داوای لە پێرێز کردووە بیگەڕێنێتەوە، بەڵام  وەک رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی باسی دەکات، وەڵامی سەرۆکی ریال مەدرید ئاسێنسیۆی تووشی شۆک کردووە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێکهاتەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەهێزتر بووە و گەڕانەوەی ئەم یاریزانە ئێستا بەهیچ شێوەیەک پێویست نییە.
 
زۆربەی ئەو ئەستێرانەی ریال مەدرید کە بڕیاریان داوە لە تیپەکە بڕۆن، دواتر پەشیمان بوونەتەوە لە رۆیشتنیان لە باشترین یانەی جیهان، بۆیە زۆرجار دەبینین دەگەڕێنەوە و داوای مۆڵەتی گەڕانەوە دەکەن، بەڵام بڕیارەکە بەدەست ئەوان نییە، بەدەست پێرێزە، کە هەرگیز رێگە نادات کەس بگەڕێتەوە، تەنانەت رازی نەبوو کریستیانۆ رۆناڵدۆش بگەڕێنێتەوە، کە ئەفسانە و گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی "تەنیا وەرزێک لەمەوبەر مارکۆ ئاسێنسیۆ بڕیاریدا ریزەکانی یانەی ریال مەدرید بەجێبهێڵێت و دەستەوارەی نوێکردنەوەی ریال مەدریدی رەتکردەوە بۆ دەستپێکردنی سەرکێشییەکی نوێ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی".
 
هێرشبەرەکەی پێشووی ریال مەدرید بەهیوای ئەوەی خۆی وەک ئەستێرەیەکی سوپەر لە ئەوروپادا بناسێنێت، بەچاوەڕوانییەکی زۆرەوە گەیشتە پاریس، بەڵام واقیعەکە زۆر جیاوازبوو لەوەی کە خەیاڵی بۆ دەکرد.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ماوەیەی ئاسێنسیۆ لە پاریس سانجێرمان بەسەریبردووە بەهۆی کێشەی جەستەییەوە کێشەی بۆ دروستبووە و ئاستی دابەزیوە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ لە پاریس، کە لە رووی تیۆرییەوە دەرگای بۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی بچێتە پێکهاتەی سەرەکی، بەڵام نەیتوانیوە خۆی بسەلمێنێت بۆ ئەوەی شایەنی پێکهاتەی سەرەکی بێت.
 
یانەی پاریسی لە هەوڵی گواستنەوەی ڤیکتۆر ئۆسێمینی یاریزانی نایجیری دایە، ئەمەش بەربەستی زیاتر بۆ ئاسێنسیۆ دروست دەکات و ئەو یاریزانە رۆڵی لاوەکی دەبێت و ماوەی بەشداریکردنی لە یارییەکاندا لە وەرزی نوێدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان روو لە کەمی دەکات.
 
ئەو سەرچاوەیە، دووپاتی دەکاتەوە کە گۆڕانکاری ریشەیی لە ژیانی وەرزشیدا لە ماوەیەکی وا کورتدا وایکردووە ئاسێنسیۆ هەست بە پەشیمانی بکات لە جێهێشتنی ریال مەدرید، و ئەوانەی نزیکن لە یاریزانەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ یانە مەدریدییەکان، بەڵام لە ئۆفیسەکانی ڤاڵدیبیباسەوە دەرگاکە داخراوە بۆ گەڕانەوەی یاریزانەکە.
 
میدیای مەدرید باس لەوە دەکات کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بیر لە گەڕانەوەی مارکۆ ئاسێنسیۆ ناکاتەوە، پڕۆژەی وەرزشیی یانەکە پەرەی سەندووە و چیدی شوێن بۆ یاریزانێک نەماوە کە پێشتر چانسی خۆی هەبووبێت و بڕیاریدابێت دوور لە بێرنابیۆ بەدوای چارەنووسی خۆیدا بگەڕێت.
 
ئەمە جگە لەوەی کە بارودۆخی ئێستای ریال مەدرید هیچ ئەگەرێک بۆ گەڕانەوەی ئاسێنسیۆ ناهێڵێتەوە، چونکە برایم دیاز کە جێگەی ئەوی گرتەوە، ئاستێکی بەرزی نیشانداوە. زێدەباری بوونی بەهرەمەندە گەنجەکانی وەک ئێندریک و ئاردا گولەر، هەروەها لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی ئەستێرە نوێیەکەی مێرینگێ.