دەستەوارەیەکی خەیاڵی و مێژوویی بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، سعودیە دەیەوێت گرێبەستێکی گەورە، سەرنجڕاکێش، مێژوویی و گرانبەها واژۆ بکات.
 
سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکات بۆ وڵاتەکەی بەجوانترین و باشترین شێوە مۆندیالی 2034 بەڕێوەببات، بۆ ئەوەش دەیەوێت دیارترین رووخسارەکانی تۆپی پێ بباتە وڵاتەکەی.
 
سعودیە شاندێکی باڵای راسپاردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ڤینیسیۆس جونیۆرەوە بکەن و ئامادەن 1 ملیار یۆرۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بدەن، کە ئەو مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیەتی لەگەڵ ریال مەدرید.
 
ڤینی ئەو گرێبەستە مێژووییەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت لە ریال مەدرید بمێنێتەوە.
 
گرێبەستی ڤینی لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، جونیۆر 2 چامپیۆنزلیگی لەگەڵ لۆس بلانکۆس هەیە و ئامانجی داهاتووی بردنەوەی باڵۆن دۆرە بەدرێسی سپی یانەکەوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، لەگەڵ ئەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە دەستەوارەی سعودیەی بۆ پەیوەندیکردن بە خولەکەوە رەتکردووەتەوە، بەڵام هێشتا سعودیە لە گواستنەوەی یاریزانە بێهیوا نەبووە و دەیەوێت ڤینی بباتە خولی وڵاتەکەی.
 
هەرچەند ئاماژە بە ناوی ئەو یانەیەوە نەکراوە، کە سعودیە دەیەوێت ڤینیسیوس تێیدا یاری بکات، بەڵام چەند سەرچاوەیەک ناوی یاریزانەکەیان بە یانەی ئەهلی بەستووەتەوە.