یاریزانێکی میسری پۆلیسێک دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ
 
یاریزانێکی میسری لەسەر رێگەی خێرای نێوان قاهیرە و عەلەمێن، پۆلیسێکی کوشت و لە پشکنینە سەرەتاییەکان دەرکەوت کە یایزانەکە حەشیشی کێشاوە.
 
ئەحمەد فەتوح، یاریزانی هێلی بەرگری یانەی زەمالیکی میسری بۆ پشوودان چووە بۆ شاری عەلەمێن و لە کاتی گەڕانەوەدا بە ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی خێرای گەڕانەوە بۆ قاهیرە پۆلیسێک لە شەقامەکە پەڕیوەتەوە و ئەحمەد نەیتوانیوە کۆنترۆڵی خۆی بکات، سەرەرای ئەوەی کە لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە خێرایی ئەو 80 کیلۆمەتر بووە بۆ کاژێرێک.
 
محەممەد سوبحی، گۆڵپارێزی یانەی زەمالیک لەکاتی رووداوەکەدا لەگەڵ ئەحمەد فەتوح بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئەو شوفێر نەبووە و خاوەنی ئۆتۆمبێلەکەش نەبووە، دوای دەستبەسەرکردنی بۆ چەند کاژێرێک ئازادکرا.
 
بەپێی ئەو پشکنینەی بۆ یاریزانەکە کراوە، دەرچوو کە ماددەی هۆشبەر لە خوێنی یاریزانەکەدا هەیە، بەڵام ئەحمەد فەتوح لەکاتی لێکۆڵینەوەدا گوتی "ئەو لە ئاهەنگێکی تایبەت بووە دەکرێ یەکێک لە ئامادەبووان حەشیشی کێشابێ و بە هەوا گواسترابێتەوە و ئەو هیچ ماددەیەکی بێهۆشکەری بەکار نەهێناوە.
 
ئێستا ئەحمەد فەتوح دەستبەسەرە لە پۆلیسی عەلەمێن بۆ چوار رۆژ تا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.
 
ئەحمەد فەتوح لە باڵی چەپی بەرگری یاریی دەکات و  تەمەنی 26 ساڵە، زیاتر لە 4 ساڵە بەشێوەی سەرەکی لەگەڵ هەڵبژاردەی میسر و یانەی زەمالیک یاریی دەکات، لە سەرەتای ساڵی 2024 گرێبەستەی لەگەڵ یانەی زەمالیک نوێکردەوە و مووچەی ساڵانەی زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلارە.