ئەگەری هەیە مێسییەکەی ئوردن ببێتە هاوڕێی ئەستێرەیەکی کورد

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو یانەی سعودی و ئەڵمانی رکابەری لەسەر گواستنەوەی مێسی ئوردن دەکەن و دەیانەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا ئەو یاریزانە ببەنە ریزەکانیان.
 
هەردوو یانەی نەسڕی سعودی و شتوتگارتی ئەڵمانی، لە رکابەریدان بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ موسا تەعمەری، هێرشبەری ئوردنی و ناسراو بە مێسی ئەو وڵاتە و یانەی مۆنپێلێی فەرەنسی دەکەن.
 
تەعمەری لە جامی ئاسیای رابردوودا ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد و سەرنجی زۆری بەلای خۆیدا راکێشا، لە وەرزی نوێدا شتوتگارت بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا یاری دەکات و دەیەوێت بەگواستنەوەی ئەو یاریزانە تیپەکەی بەهێزتربکات.
 
شتوتگارت لەکاتێکدا داوای موسا تەعمەری دەکات، دوو رۆژ لەمەوبەر یانەکە بەشێوەی هەمیشەیی گرێبەستی لەگەڵ دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی باکووری کوردستان واژۆکرد و یاریزانەکەی لە برایتنەوە گواستەوە ریزەکانی یانەکەی.
 
یانەی نەسڕی سعودیش بۆ دروستکردنی هێڵێکی هێرشبەری زۆر بەهێز چاوی لە تواناکانی ئەو یاریزانەیە، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو یانەکە نەیتوانی هیچ نازناوێک بباتەوە و بۆ وەرزی نوێ چاوی لە رکابەریکردنێکی باشترە.
 
گرێبەستی تەعمەری لەگەڵ مۆنپێلێ لە هاوینی 2026 تەواو دەبێت و نرخەکەی ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 8 ملیۆن یۆرۆیە.