رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیکە لە ئاشکراکردنی ناوی ئەو گۆڵپارێزەی شوێنی تیبۆ کۆرتوا دەگرێتەوە، پاشئەوەی کۆرتوا دووچاری پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بوو و تاوەکو کۆتایی وەرز ناتوانێ یاریی بکات.
میدیای ئینگلتەرا ناوی گۆڵپارێزێکیان ئاشکراکردووە کە نزیکە لە پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە و وەک سوپرایزێک ناویان بردووە، لە کاتێکدا پێشتر ناوی چەندین گۆڵپارێزی دیکە بەریالەوە بەستراونەتەوە، لەوانەش دی خیا، یاسین بۆنۆ و کەیلۆر ناڤاس.
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، کیپا ئاریزابالاگا، گۆڵپارێزی چێڵسی، بووەتە ئامانجی ریال مەدرید و بایرن میونشن، بەڵام ئەو گۆڵپارێزە لەبەر ریال مەدرید، بایرنی رەتکردووەتەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، کیپای ئیسپانی، پەیوەندی بە بەرپرسانی بایرنەوە کردووە و پێیڕاگەیاندوون کە ئەو پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات.
هەندێک سەرچاوەی دیکە ئەوەیان ئاشکراکردووە کە ریال مەدرید پەیوەندی بەنوێنەرانی کیپاوە کردووە و گفتوگۆ ئەنجامدراوە لەبارەی ئەنجامدانی گرێبەستەکە بەزووترین کات.
سەرچاوەکان دەڵێن، کیپا بەچوونە ریال مەدرید دڵخۆشە و تەنانەت رازییە ئەگەر بەشێوەی خواستنیش پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات. ریال مەدریدیش دەیەوێت بگاتە خاڵی کۆتایی و بەیەکجاری هەڵوێستی چێڵسی لەبارەی دەستهەڵگرتن لەو گۆڵپارێزە بزانێت.
کیپای تەمەن 28 ساڵان، پێشتر لە یانەی ئاتلێتیک بلباوی ئیسپانییەوە بەرامبەر نزیکەی 72 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە چێڵسی ئینگلیزییەوە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ