باوکی کۆرتوا: هیوادارم تیبۆ پێکانی دیکەشی نەبێت

12-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید، تیبۆ کۆرتوا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تیێری کۆرتوا، باوکی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دڵەڕاوکەی دووچاری هاندەرانی یانەکە کرد، کاتێک باسی ئەو پێکانەی کرد کە کوڕەکەی تووشی بووە.
 
کۆرتوا لە مەشقەکانی یانەکەیدا، دووچاری پێکانێکی قورس بوو لە ئەژنۆیدا، بەرلەدەستپێکردنەوەی رکابەرییەکانی وەرزی نوێ و بەوەش بۆ ماوەی نزیکەی حەوت مانگ لە تیپەکەی دادەبڕێت، پاشئەوەی پزیشکانی یانەکە، جۆری پێکانەکەی ئەویان بە پچڕانی بەستەری ئەژنۆی دەستنیشانکرد.
 
تیێری لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "پێکرانی تیبۆ زۆر تووندە، چەند کاژێرێک پاش پێکانەکە پەیوەندیم پێوەکرد، رووداوێکی قورس بوو بۆخۆی و ماڵباتەکەی، چونکە ئەو بۆ ماوەیەکی درێژ ناتوانێ بەشداریی بکات".
 
باوکی تیبۆ زیاتر دەڵێ "لە مەشقەکاندا بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ یاریزانێک دووچاری ئەو پێکانەبوو و ئێستا ئیدی پێویستە لەسەری نەشتەرگەری ئەنجام بدات، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنی نەشتەرگەرییەکە دیار نییە، دەکرێ لە بەلجیکا یان ئیسپانیا یان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت".
 
تیێری زیاتر دەڵێ، "کاروانێکی قورس دەبێت و دەبێ لەو وڵاتە بێت کە نەشتەرگەرییەکەی تێدا ئەنجامدەدات و ماوەی چەند مانگێک دەخایەنێت، دوای ئەوەش رێگەی نادرێت دەستبەجێ گەشت بکات بە فڕۆکە".
 
باوکی تیبۆ هیوای خواستووە کێشەکانی کوڕەکەی هەر بەوەندە کۆتاییان بێت و دڵەڕاوکەی خۆی لەبارەی کوڕەکەیەوە باسکردووە کە دەڵێ، "ئەو پێشتر کاتێک لە چێڵسی بوو بۆ ماوەی سێ مانگ بەهۆی نەشتەرگەری لە کڵاوەی ئەژنۆیدا دابڕا، ئێستا هیوادارم لە پشکنینەکانی داهاتوودا کێشەی دیکەی پێکان دەرنەکەوێت، تاوەکو بەزوویی چاک ببێتەوە و دەستبکاتەوە بە مەشقکردن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە