یاریی کۆتایی جامی شا سەلمان.. ئەمڕۆ رۆناڵدۆ دەیەوێ یەکەم نازناو لەگەڵ نەسڕ بباتەوە

12-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هیلال - نەسڕ 18:00
هیلال - نەسڕ 18:00
نیشانەکردن یاریی کۆتایی جامی شا سەلمان هیلال یانەی نەسڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبەردەم هەلێکی گەورە و مێژووییدایە، بۆ ئەوەی شوێن پەنجەی خۆی زیاتر لەسەر تۆپی پێی سعودیە دیاربکات، کاتێک بەدوای بردنەوەی یەکەم نازناودا دەگەڕێت بەدرێسی زەردی یانەی نەسڕەوە.
 
ئەمڕۆ ئێوارە یاریی کۆتایی جامی شا سەلمان، بۆ یانە عەرەبییەکان بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی نەسڕ و هیلالی سعودی لە یاریی کۆتاییدا رکابەری بەدەستهێنانی نازناوەکە دەکەن و دەیانەوێت بەر لە چوونە نێو وەرزێکی جیاوازی خولی سعودی، نازناوێک ببەنەوە و بردنەوەی جامەکە بکەنە سەرەتای کاروانێکی نوێ و پڕ گۆڕانکاری.
 
رۆناڵدۆ دوای بردنەوەی دەیان نازناو لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵ لە ئەوروپا، ئەمڕۆ دەیەوێت یەکەم نازناوی لەگەڵ نەسڕ بباتەوە، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو خولی سعودیان لەبەرژەوەندیی یانەی ئیتیحاد لە دەستدا.
 
کریس بە تۆمارکردنی 4 گۆڵ گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەیە، گۆڵەکانی دۆن هاوکارییەکی زۆری پێشکەوتنەکانی نەسڕی کردووە، بەڵام رکابەرەکەیان تیپێکە هەمیشە بۆ یانە زەردپۆشەکە سەرئێشەی گەورەی دروستکردووە، هەر ئەوەش وایکردووە یارییەکە ناوبنرێت یاریی دێربیی ریاز.
 
نەسڕ گۆڕانکارییەکی گەورەی کردووە، دوای رۆناڵدۆ، مارسێلۆ برۆزۆڤیچ، سیکۆ فۆفانا، سادیۆ مانێ و ئالێکس تێیێسی گواستەوە و لویس کاسترۆی کردە راهێنەر، بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا تیپێکی رکابەر بێت و نایەوێت هەر زوو بە لەدەستدانی ئەم نازناوە بێهیوا ببێت.
 
لە بەرامبەردا یانەی هیلال، تاکە یانەیە لەنێو چوار یانە دیارەکەی سعودیە، هێشتا هێرشبەرێکی یەکلاکەرەوەی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یانەکە بە گواستنەوەی خالیدۆ کۆلیبالی، رۆبن نێڤێز، میلینکۆڤیچ ساڤیچ و مالکۆم ئۆلیڤێرا گۆڕانکارییەکی دیکەی بەخۆیەوە بینیووە و خۆرخی خیسۆسی راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی سەرکردایەتییان دەکات.
 
کاژێر 18:00 یارییەکە لە یاریگەی شا فەهد، لە شاری تایف دەکرێت، دۆن رۆناڵدۆ و ئەستێرەکانی نەسڕ یان هیلالی گەورەی سعودیە و ئاسیا کێ بە نازناوە دەچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێ، 90 خولەکی پڕ رکابەری نێوان هەردوو یانەدا وەڵامەکەیمان پێدەڵێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە