فەرمی.. دێمبلی بوو بە یاریزانی پاریس سانجێرمان

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی عوسمان دێمبێلی، یاریزانی یانەی بارسێلۆنای بۆ ریزەکانی راگەیاند.
 
پاریس سانجێرمان لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی گواستنەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکەی راگەیاند، یاریزانەکە گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 دەبێت و درێسی ژمارە 23 دەپۆشێت.
 
دوای پەیوەندیکردنی بە پاریس سانجێرمانەوە، عوسمان دێمبێلی بە ماڵپەری یانەی پاریس سانجێرمانی گوت "زۆر دڵخۆشم بە پەیوەندیکردن بە پاریس سانجێرمان، بەپەرۆشم بۆ ئەوەی بە درێسێکی نوێ یاریی بکەم، هیوادارم بەردەوام بم لە پێشکەوتن و هەموو هاندەرانی یانەکە شانازیم پێوە بکەن."
 
لەلایەن خۆیەوە ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان گوتی " ئێمە زۆر خۆشحالین بە پێشوازیکردن لە عوسمان دێمبێلی لە پاریس سانجێرمان، چونکە یاریزانێکی گرنگ و پابەند دەبێت بۆ یانەکەمان، ئەو سۆز و ئیرادەیەی عوسمان پێشانیدا کاتێک پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد، ئەمە جێگەی سەرنج و هەڵوەستەیە بۆ هەموو یاریزانەکانمان، شانازی دەکەین کە یەکێک لە براوەکانی دیکەی مۆندیال لەگەڵ فەرەنسا لە پاریس سانجێرمان دەبێت، لەکاتێکدا دەچینە نێو سەردەمێکی گەورە و نوێی یانەکەدا."
 
عوسمان دێمبێلی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا هەڵوەشاندەوە و بەرامبەر 50 ملیۆن یۆرۆ لە بارساوە چووە پاریس سانجێرمان.