یۆرگن کڵۆپ ماوەی دوورکەوتنەوەی ئەلیسۆنی راگەیاند


رووداو - هەولێر

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ماوەی دوورکەوتنەوەی ئەلیسۆن بیکەر، گۆڵپارێزی یانەکەی بەهۆی پێکان لە یاریگەکان ئاشکراکرد.

کڵۆپ لەلێدوانێکدا کە لەلایەن ماڵپەری فەرمی یانەی لیڤەرپوول بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، ئەم بارودۆخە بەهیچ شێوەیەک جێگەی دڵخۆشی نییە، بەهۆی ئەو پێکانەشی کە تووشی بووە بەدڵنیاییەوە ماوەیەک دووردەکەوێتەوە.

راهێنەری رێدز زیاتر گوتی، ناتوانم ماوەی گەڕانەوەی گۆڵپارێزەکە دیار بکەم، بەڵام ئەوە دەزانم کە بەلای کەمەوە پێویستی بە دوو هەفتە هەیە، دواتر بزانین چی روودەدات.

ئەلیسۆن بیکەر، لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ لەنێوان لیڤەرپوول و نورۆیچ سیتی لە خولەکی 39 تووشی پێکانبوو، بەو هۆیەوە بەشداری لە یاریی جامی سوپەری ئەوروپا لەنێوان هەردوو لیڤەرپوول و چێڵسی ناکات، کە رۆژی چوارشەممە لە ئیستەنبوڵ دەکرێت.