"مێسی دەگەڕێتەوە نێو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین"


رووداو - هەولێر

ئیدگاردۆ باوزا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای سەردانیکردنی مێسی لە بارسێلۆنا ئەمڕۆ هەینی گەڕایەوە بوینس ئایرسی پایتەختی وڵاتەکە و ئاشکرای کرد مێسی دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو ریزەکانی هەڵبژاردەکە.

باوزا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندووە، لەرێگەی تەلەفۆنەوە قسەم لەگەڵ هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا کردووە، پێش ئەوەی لە چەند کاژێری داهاتوودا پێکهاتەی هەڵبژاردەکە بۆ پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2018 رابگەیێنم.

راهێنەرەکە ئەوەشی راگەیاندووە، هیچ گومانێکی لە شێرەکە نییە، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری ئەو دەکەن.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیاش رایانگەیاندووە، یاریزانە ئەرجەنتینییەکە دەیەوێت بەبڕیارەکەیدا بچێتەوە و ئیدگاردۆ باوزاش دەیەوێت مێسی یەکێک لەو یاریزانانەی نێو پێکهاتەکەیدا بێت بۆ یارمەتیدانی هەڵبژاردەکە لەپێناو گەیشتن بە جامی جیهانی 2018.