دوو یانەی گەورە رکابەری لەسەر هاری کەین دەکەن

12-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هاری کەین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و پاریس سانجێرمان، رکابەری لەسەر گواستنەوەی هاری کەین، هێرشبەری ئینگلیزی و یانەی تۆتێنهام دەکەن.
 
دوای ئەوەی دوو دەستەوارەی لەلایەن تۆتێنهامەوە رەتکرایەوە، یانەی بایرن میونشن خۆی ئامادەدەکات بۆ ئەوەی گرێبەستی سێیەم پێشکێشی یانە ئینگلیزییەکە بکات، بۆ دەستبەرداربوون لە هاری کەین، هێرشبەر و کاپتنی یانەکە.
 
پێشتر بایرن میونشن دوو دەستەوارەی بە 70 ملیۆن یۆرۆ و 80 ملیۆن یۆرۆ پێشکێشکرد، بەڵام یانە ئینگلیزییەکە هەردوو دەستەوارەکەی رەتکردەوە، ئێستا بایرن میونشن ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی هەموو شتێک کۆتاییبهێنێت و 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ یاریزانەکە بداتە سپێرز.
 
رژدبوونی بایرن بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بەهۆی داواکاریی تۆماس توخێل، راهێنەری ئەو یانەیەیە کە سوورە لەسەر گواستنەوەی هاری کەین.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ماوەیەکی زۆرە چاودێریی بارودۆخی ئەو یاریزانە دەکات و دەیەوێت هاری کەین بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵی میدیای فەرەنسا، بەرپرسانی پاریس سانجێرمان لەم هەفتەیەدا یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ هاری کەین کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیکردنی یاریزانەکە بە یانەکەوە بکەن، بۆ گواستنەوەشی پاریس سانجێرمان ئامادەیە 100 ملیۆن یۆرۆ بداتە یانە ئینگلیزییەکە.
 
گرێبەستی هاری کەین لەگەڵ تۆتێنهام لە هاوینی ساڵی داهاتوودا کۆتاییدێت، یاریزانەکە دەیەوێت لە تیپێکدا یاریی بکات کە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات، بەڵام هێشتا تۆتێنهام نایەوێت بە ئاسانی بەدەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە