لە ئینتەرمەیامی بەهۆی کێشەیەکەوە مێسی ناتوانێت یاری بکات

رووداو دیجیتاڵ

 

کارگێڕیی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، دەبێت بەخێرایی کێشەیەکی چارەسەر بکات بەمەبەستی تۆمارکردنی گرێبەستەکەی لیۆنێل مێسی.
 
مێسی گەیشتە مەیامی بۆ تەواوکردنی گواستنەوەکەی بۆ خولی تۆپی پێی ئەمریکی، بەڵام ئەو ئێستا نەک هەر ناتوانێت یاری بۆ یانە نوێیەکەی بکات، بەڵکو ناتوانێت مەشقیش بکات، تاوەکو یانەکەی کێشەیەکی تایبەت بە دوو یاریزانی چارەسەر نەکات.
 
راپۆرتە رۆژنەمەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانە ئەمریکییەکە، دەبێت بەپەلە کێشەیەکی تایبەت بە هەردوو یاریزانەکەی رۆدۆلفۆ پیزارۆی مەکسیکی و گریگۆری بەرازیلی چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، نوێترین ئەندامی تیپەکە، لە مێرکاتۆی ئێستادا تۆمار بکات.
 
بۆ دابینکردنی مووچەی مێسی و بۆ ئەوەی بابەتەکە لەگەڵ یاسادا بگونجێت، پێویستە ئینتەرمەیامی دەستبەرداری یەکێک لەو دوو ئەستێرەی ببێت، کە پێدەچێت یاریزانە مەکسیکییەکە، رۆدۆلفۆ پیزارۆ، بیر لە رۆیشتن بکاتەوە، کە گەورەترین مووچەی یانەکە وەردەگرێت و بریتییە لە 3 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.
 
پیزارۆ و گریگۆری لەگەڵ لیۆناردۆ کامپانای ئیکوادۆریش ئێستا لە ئینتەرمەیامی مووچەیەکی زۆر وەردەگرن، بۆیە کارگێڕیی یانەکە دەبێت بەخێرایی دۆخی گرێبەستی گریگۆر بگۆڕێت بۆ ئەوەی رێگە بە تۆمارکردنی ئەستێرەیەکی وەک لیۆنێل مێسی بدات.
 
بڕیارە ئینتەرمەیامی یەکشەممەی داهاتوو بەفەرمی گرێبەستەکەی لیۆ رابگەیەنێت. پێشبینی دەکرێت یاریزانە ئەرجەنتینییەکە یەکەم یاریی خۆی رۆژی 21ـی تەمموز بەرامبەر کروز ئازول لە جامی خولدا ئەنجام بدات.
 
ماوەی گرێبەستەکەی مێسی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە 30ـی 
حوزەیران کۆتایی هات، لەگەڵ کارگێڕیی یانەکەش هاوڕا نەبوو سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە و بڕیاریدا بچێتە ئینتەرمەیامی.