لیۆنێل مێسی: وازهێنانم نزیکە

12-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، دان بەوەدا دەنێت کە وازهێنانی لە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی تانگۆ نزیک بووەتەوە و دەشڵێت "هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ من هەموو شتێکە، لەگەڵ خێزانەکەمدا زۆر ئازارم چەشت، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە هەوڵم دەدا و هەرگیز لە خەون بینینم نەوەستام، سوپاس بۆ خوا بەدیهات".
 
هەڵبژاردە لای تۆ چی دەگەینێت؟
لیۆنێل مێسی: هەڵبژاردەی نیستیمانی، هەموو شتە بۆ من، بە درێژایی ژیانی وەرزشیم ئەوەم سەلماندووە، قۆناخی زۆر سەختم بینیوە، کە هەموو شتێکم لەگەڵ بارسێلۆنا دەبردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەرجەنتین نا.
 
لەگەڵ خێزانەکەمدا زۆر ئازارم چەشت، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە هەوڵم دەدا و هەرگیز لە خەون بینینم نەوەستام، سوپاس بۆ خوا لە کۆتاییدا خەونەکەم هاتەدی.
 
تۆ کە مێسیت، چۆن هەڵسوکەوت دەکەیت؟
لیۆنێل مێسی: هەمیشە بەشێوەیەکی ئاسایی ژیاوم، حەزم لە چێژ وەرگرتن لە کاتەکانم لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانم و شتە سادەکان وەرگرتووە. وەک ئەو کاتانەی بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەکانم لە قوتابخانە دەڕۆیشتم، یان کاتی یاریکردن لە باخچە لەگەڵیاندا.
 
ئەی بارسێلۆنا؟
لیۆنێل مێسی: زۆر بەخۆشی لە بارسێلۆنا دەژیام، کە یارییەکی باشمان دەکرد و سەرکەوتنمان بەدەستدەهێنا، لە هەموو روویێەکەوە ستایشی دەکراین بەهۆی یارییەکە و تیپەکە و سەرکەوتنەکانەوە.
 
بەڵام کە دەچوومە ئەرجەنتین و گوێم لە رەخنە و دەنگۆ دەبوو، هەمیشە ناچاربووم  تاقیکردنەوەیەک تێپەڕێنم یان بە ئەنجامەکە رازی بم، بەڵام بەختم باشبوو کە کاروبارەکانم لە یانەکەم بەم شێوەیە بوو.
 
کاتێک شتەکان لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بە خراپی دەڕۆیشتن، دەچوومە بارسێلۆنا و کەمێک ئەوەم لەبیرم دەکرد کە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بەسەرمان هاتبوو.
 
ئێستا زیاتر چێژ لە هەموو شتێک وەردەگرم و بەهای هەموو شتێک دەزانم، چونکە دەزانم ساڵانی کۆتاییە و کە وازم هێنا بەهای هەموو شتێک زیاتر دەزانم.
 
تا کەی لە هەڵبژاردەی نیشتمانیی دەمێنیتەوە؟
لیۆنێل مێسی: تەنانەت منیش نازانم تا کەی، ئەوە روودەدات کەی دەبێت رووبدات. دوای بردنەوەی مۆندیال تاکە شتێک کە ماومە چێژوەرگرتنە.
 
بەپێی لۆژیک و تەمەن، بە دڵنیاییەوە بەم زووانە دەبێت، بەڵام بە تەواوی نازانم کەی، رۆژ لە دوای رۆژ بیردەکەمەوە بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەربەرم.
 
ئەی چوونت بۆ ئەمریکا؟
لیۆنێل مێسی: بە بڕیاری چوونم بۆ یاریکردن لە ئەمریکا، عەقڵیەت و بیرکردنەوەم ناگۆڕێت، هەوڵدەدەم زۆرترین شت بۆ خۆم و یانە نوێیەکەم بکەم.
 
دی پاوڵ؟
لیۆنێل مێسی: دی پاوڵ زۆر یارمەتی دام، پەیوەندیم لەگەڵیدا پەرەی سەند بەبێ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێم، لەگەڵ ئەویش هەر لە یەکەم ساتەوەختەوە هەستێکی تایبەتم هەبوو.
 
ئەو ساتەی مۆنتێل خەریکبوو دوالێدانی یەکلاکەرەوە بەرامبەر فەرەنسا لێبدات، هەستت چۆن بوو؟
لیۆنێل مێسی: ئەوکاتەی نۆرەی مۆنتیێل هات، کەمێک ئارام بوومەوە، چونکە هەلێکی دیکەشمان هەبوو، بەڵام ویستم لەوێ کۆتایی بێت. ئەمانە چرکەساتی سەختن کە بە وشە وەسف ناکرێن، لەگەڵ ئەو قسەیەدام کە هەموو شتێک بە هۆکارێک روودەدات.
 
ئەو پلانە چییە کە دەبێت بۆ ئەم ماوەیە لە هەمان ئاستدا بەردەوام بیت؟
لیۆنێل مێسی: هەمان شت کە وایلێکردم بەدەستی بهێنم، عەقڵیەت و بەردەوامی و هەوڵدان و قوربانیدان و هەمیشە ویستی زیاتر.
 
لە منداڵییەوە هەمیشە بەم شێوەیە بووم، هەمیشە هەموو هەوڵێکم داوە بۆ بەدەستهێنانی باشترین و هەوڵدان بۆ ئەوەی بەسەر خۆشمدا سەرکەوم. من هەر لە منداڵییەوە هەمیشە کەسێکی زۆر بەرپرسیار بووم و متمانەم بەو شتانە هەیە کە دەمەوێن.
 
دەربارەی هاوڕێکانت لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین چیت هەیە؟
لیۆنێل مێسی: ئێمە گرووپێکین، زۆرم خۆشدەوێن. بێگومان ئێمە زۆرین و من لە هەندێک هاوڕێیانم نزیکترم لە هەندێکی دیکە، بەڵام بە گشتی هەستێکی ئەرێنیم هەیە بەرامبەر بە هەمووان و ئەزموونێکی سەرسوڕهێنەر بوو.
 
پەیامەکەی ئێنزۆت بینی؟
لیۆنێل مێسی: پەیامەکەی ئێنزۆم بینی، سەرسوڕهێنەرە، زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەو هەموو خۆشەویستییە لە یەکەم ساتەوەختەوە.
 
ئەوی سەبارەت بە گەشتی نیو پاسەکەی مانگی ئادار لە ئەرجەنتین؟
لیۆنێل مێسی: بە تەواوەتی بە باشی تەواوم کرد و درێسەکەم داکەند. رووخسارم سوور هەڵگەڕابوو و دوو سێ رۆژ هەستم بە ماندووبوون دەکرد، بەڵام لەو ساتەدا هەستمان بە هیچ ماندووبوونێک نەدەکرد، چونکە خۆشییەکی گەورە وپاک بوو، ئینجا دواتر چوومەوە ماڵەوە لە رۆزاریۆ.
 
کاتێک بەرامبەر هۆڵەندا پاسەکەت بە مۆلینا دا، دەتبینی؟
لیۆنێل مێسی: بەڵێ بینیم، بینیم کە بەردەوامە لە راکردن، تێگەیشتم کە شتێکی سروشتییە لەو ساتەدا تۆپەکە بگوازمەوە بۆ لایەک، بۆیە بە گونجاوم زانی بیگەیێنمە مۆلینا، چونکە پێموابوو تۆپەکە بۆ ئەو گونجاوە، بەرگریکاران چاوەڕوانی شتێکی دیکە بوون، من ئاگام لە دەنگی مۆلینا نەبوو، بەڵام بینیم.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە