مێندی داوای مووچەی زیاتر دەکات

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئەوەیان ئاشکرا کرد، کێشە کەوتووەتە نێوان فێرلاند مێندی بەرگریکاری فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید سەبارەت بە بڕی ئەو مووچەیەی مێندی ساڵانە لە بەرامبەر یاریکردنی بۆ ریال وەریدەگرێت.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە مەدریدەوە باس لەوە دەکەن: "دوای ئەوەی مێندی وەرزی رابردوو وەکو یاریزانی سەرەکی لە پێکهاتەی ریال مەدرید جێگەی خۆی کردووەتەوە و وەکو یاریزانی سەرەکی لە شوێنی مارسێلۆ یاری دەکات، ئێستا داوای کردووە مووچەکەی بۆ زیاد بکەن".

وێبسایتێکی بەنێوبانگی ئیسپانی لەسەر زاری بەرپرسێکی کارگێڕی ریال مەدریدەوە ئەو هەواڵانە بە ناڕاست لەقەڵەم دەدات کە باسی کێشەی نێوان مێندی و ئیدارەی ریال مەدرید دەکەن و لە زاری بەرپرسەکەی یانەی شاهانەوە ئاماژە بەوە دەکات: "ئەو دەنگۆیانە بێبنەمان و دوورن لە راستییەوە، چونکە مێندی داوای زیادکردنی مووچەکەی نەکردووە و هیچ کێشەیەک لەنێوان یاریزانی ناوبراو و یانەکەدا بوونی نییە".

یانەی ریال مەدرید نایەوێ هیچ ناکۆکی و کێشەیەک لەنێوان بەرگریکارە فەرەنسییەکەدا دروست بکات، چونکە یەکێکە لە گرێبەستە سەرکەوتووەکانی یانەی شاهانە و ماوەی گرێبەسەتەکەی لەگەڵ ریال مەدرید هاوینی 2025 کۆتاییدێت.