لە پاڵەوانێتی بالەی کچانی عێراقدا.. ئەکاد و قەرەقۆش چاوییان لە سەرکەوتنێکی دیکەیە

رووداو دیجیتال 

ئەمڕۆ دووشەممە یارییەکانی گەڕی دووەمی پاڵەوانێتی بالەی کچانی یانەکانی عێراق لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچن، یانەکانی ئەکاد عەنکاوە و قەرەقۆش دەیانەوێت درێژە بە ریتمی سەرکەوتن بدەن.

یانەی ئەکاد عەنکاوە دوای بەدستهێنانی یەکەم سەرکەوتن و بردنەوە لە یانەی دەربەندیخان، ئەمڕۆ لە ئەرکێکی قورسدا رووبەڕووی یانەی ئەفرۆدێت دەبێتەوە، کچانی ئەفرۆدێت لە دەستپێکی کێبرکێکەدا لە ئافرەتانی نەجەفیان بردەوە، هەر بۆیە چاوەڕوانی یارییەکی بەهێز دەکرێت.

ساسان گورگیس، سەرپەرشتیاری یانەی ئەکاد عەنکاوە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "یارییەکەمان زەحمەتە و یاریزانێکی سەرەکیمان یاریی ناکات، کارمان لەسەر باری دەروونی یاریزانانمان کردووە و دەمانەوێت یارییەکە ببەینەوە". 

لە یارییەکی دیکەدا یانەی قەرەقۆشی خاوەنی 6 نازناوی لەسەریەکی بالەی کچانی عێراق ململانێی یانەی ئافرەتانی هەولێر دەکات، یارییەکە بۆ کچانی قەرەقۆش ئاسانە.

سەعد بەهنان، راهێنەری یانەی قەرەقۆش روونیکردەوە "ئێمە نامانەوێت شکۆی 6 وەرزی رابردوومان لەدەستبدەین، هاتووین بۆ وەرگرتنی جامی پاڵەوانێتیەکە ".

هەر ئەمڕۆ لە پاڵەوانێتیەکەدا ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن: 

ئافرەتانی نەجەف - دەربەندیخان
سلێمانی - سەنحاریب 

یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی پاڵەوانێتی بالەی کچانی عێراق بە بەشداری 8 یانە بەشێوازی دوو کۆمەڵە لەنێو هۆڵی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەڕێوەدەچن.