بێکهام داوای یاریزانێكی بارسێلۆنا دەکات

رووداو - هەولێر

ئیڤان راکیتیچی یاریزانی بارسێلۆنا نزیکە لە جێهێشتنی یانەکەی و وێستگەی داهاتووشی دیاریدەکرێت.

رۆژنامەکانی ئیسپانیا بڵاویانکردووەتەوە، ئیڤان راکتیچ هەموو شتێکی لەگەڵ بارسێلۆنا کۆتاییپێهێناوە و لە کۆتایی یارییەکانی ئەم وەرزەی لالیگا، ئەو یاریزانە کرواتییە بلاوگرانا جێدەهێڵێت.

پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو ئیڤان دەچێتە یوڤێنتوس، دوایی وا بڵاوکرایەوە کە دەگەڕێتەوە سێڤییا، بەڵام رۆژنامەکانی ئیسپانیا ئاماژە بەوە دەکەن، راکتیچ بە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ دەچێتە یانەی ئینتەر میامی و دەیڤد بێکهام بۆ گواستەوەی ئەو یاریزانە لەسەر هێڵە.

راکیتیچ لە ساڵی 2014ەوە لە یانەی سێڤییاوە هاتە یانەی بارسێلۆنا و پێش یانەی سێڤییاش لە یانەکانی بازل و شالکێ یاریکردووە، لەگەڵ بلاوگراناش زیاتر لە 200 یاری ئەنجامداوە و 25 گۆڵیشی تۆمارکردووە.

لە ریزی هەڵبژاردەی کرواتیاشدا 13 ساڵە یاریدەکات و لە کۆی 106 یاری بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانی وڵاتەکەی 15 گۆڵی تۆمارکردووە.