لۆکا مۆدریچ .. بەبێدەنگی هات و لە درەوشانەوە بەردەوامە


رووداو - هه‌ولێر

لۆکا مۆدریچ کاپتنەکەی هەڵبژاردەی كرواتيا بە سیحر و جادوویەکی نەرم، هاوینی ئەمساڵی کردووەتە گەرمترین هاوین لە ژیانی پیشەگەرییانەی خۆیدا و خەمی وڵاتێکی لەکۆڵناوە، کە هەمووان چاوەڕوانی کۆتاییە پڕ شادییەکەی دەکەن.

لۆکا لە بالکانەوە هاتووە، ئەو ناوچەیەی ئەوروپا کە پشکی گەورەی لە شەڕ و ململانێ و خوێنڕشتن بەرکەوتووە.

لە ساڵانی شەڕی یۆگسلاڤیای پێشوودا وەکو ئاوارەیەک لەسەر شەقامەکانی زادار بەتۆپێکی بچووک و مێشکێکی جەنجاڵ لە دەنگی تۆپ و تەقینەوە و کوشتنی مرۆڤەکانەوە، یاری بە تۆپێک دەکرد کە دواتر بووە دروستکەری چارەنووسی ئەو.

ئەو ساڵانە شەڕ وڵاتەکەی لۆکای وردوخاشکردبوو، مرۆڤەکانی ناویشی لە جوگرافیاکەی پارچە پارچەتر و وێرانتر بوون. ئەو یەکێک بوو لەوانەی میلیشیا سڕبییەکان باپیریان لەسەر رێگایەکی گشتی لە گوندی مۆدریچیی لەسێدارە دا. کوشتنی ئەو پیرە پیاوە تەنیا بۆ ئەوەبوو دانیشتوانی ناوچەکە ئەو پەیامە وەربگرن، کە ئیدی دەبێ ئەوان ناوچەکە چۆڵبکەن.

شەڕ مۆدریچ و ماڵباتەکەی ئاوارە کرد و ئەوان ناچاربوون ساڵانێک لە ژوورێکی بچووکی هوتێلێکی لاتەریک و چۆڵکراودا بژین، رۆژانێک کە لۆکا لە پێناسەیاندا دەڵێ رۆحی مرۆڤیان پارچە پارچە دەکرد.

ئەو رۆژانە، ئەوەی منداڵە 6 ساڵانەکەی ئارامدەکردەوە و دەنگی تەقینەوەی گولە تۆپەکانی لە مێشکیدا دەسڕییەوە، دەنگی تەپەتەپی ئەو تۆپانەبوون کە ئەو یاری پێدەکردن و ئومێدیان لە ناخیدا دەچاند.

شەڕ بڕایەوە و ئارامی گەڕایەوه‌، بەڵام بۆ لوکا شەڕکردن لەگەڵ تۆپەکان کۆتاییان نەهات، بەڵام تۆپەکانی ئەو بۆ کوشتنی مرۆڤ و ماڵوێرانی نەبوو، شەڕەکانی ئەو بۆ دروستکردنی خەندە و دڵخۆشکردنی نەتەوەیەکە، کە ئێستا سەرۆکەکەی لە پێش هەمووانەوە سەمای بۆ دەکات.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا