بۆ بەخشینی باڵۆن دۆر بە رۆناڵدۆ هەڵمەتێک لە مەدریدەوە دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

مەدریدییەکان هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی باڵۆن دۆری 2024 بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بدرێت. و دەڵێن چۆن بەهۆی مۆندیالەوە باڵۆن دۆر بە مێسی درا، دەبێت بەهۆی یۆرۆشەوە بە رۆناڵدۆ بدرێت.
 
پێدەچێت بەرنامەی بەنێوبانگی ئیسپانی ئێل چێرینگویتۆ بڕیاری دابێت هەڵمەتێک دەستپێبکات بۆ پێدانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، کە لەوانەیە دواجار بێت لە ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگالی بەشداری بکات، کە لە یۆرۆی 2024ـدا سەرکردایەتی بەرازیلی ئەوروپا دەکات لە پاڵەوانێتییەکەدا، کە رۆژی هەینی لە ئەڵمانیا دەستپێدەکات.
 
لیۆنێل مێسی، ئەو یاریزانەیە کە زۆرترین خەڵاتی باڵۆن دۆری لە مێژوودا بەدەستهێناوە و هەشت جار خەڵاتەکەی بردووەتەوە. کریستیانۆ رۆناڵدۆش لەدوای مێسی دووەمە و پێنج جار خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە.
 
جۆزێپ پێدرۆل، پێشکێشکاری بەرنامەکە ئێل چێرینگویتۆ، گفتوگۆی لەسەر ئەگەری بەخشینی باڵۆن دۆر بە رۆناڵدۆ کردەوە ئەگەر سەرکردایەتی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بکات بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی یۆرۆی ئەمساڵ و گوتی "دوای یۆرۆ رۆناڵدۆ کۆتایی دێت، بۆیە تا دواساتەکان با بەربژێر بێت بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر".
 
فران گاریدۆ، رۆژنامەڤانی وەرزشی، لە بەرنامە بەنێوبانگەکەیدا، گوتی "ئەگەر مێسی لە ساڵی 2022 بەهۆی بردنەوەی مۆندیالەوە خەڵاتی باڵۆن دۆری پێدرابێت، بۆچی نادرێت بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەگەر لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات و یۆرۆ بباتەوە".
 
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەمووان ئەستێرەکانی ریال مەدرید ڤینیسیۆس جونیۆر و جود بێلینگهام و کیلیان ئێمباپێی هاوڕێ نوێیەکەیان بەربژێر کردووە بۆ رکابەریکردن لەسەر خەڵاتەکە.
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە کۆمەڵەی پێنجەمی جامی نەتەوەکانی ئەوروپادایە و لەگەڵ هەڵبژاردەکانی تورکیا، کۆماری چیک و جۆرجیا. کە ئەڵمانیا لەسەر خاکی خۆی میوانداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات، لە 14ـی حوزەیران تاوەکو 14ـی تەمموزی 2024.
 
رۆناڵدۆ ئێوارەی رۆژی سێشەممە سەرکردایەتی پورتوگالی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکی دۆستانە بەرامبەر ئێرلەندا بە ئەنجامی 3-0، کە لە یارییەکەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە 207 یاری نێودەوڵەتیدا ژمارەی گۆڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ 130 گۆڵ بەرزکردەوە و 22 گۆڵ لە عەلی دایی ئەفسانەی پێشووی ئێرانی دوورکەوتەوە و 24 گۆڵیش لەپێش لیۆنێل مێسیی سێیەمە.
 
کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی ئێستا تەنیا پێنج گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ یانەکان و هەڵبژاردەی نیشتمانی بگاتە 900 گۆڵ.