یاخیبوون لە دژی لاپۆرتا دەستیپێکرد

12-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، سەرهەڵدانی چەند دەنگێکی ناڕازییان لەژێر دروشمی "لەدایکبوونی گرووپێکی ئۆپۆزسیۆن بۆ لابردنی لاپۆرتا" ئاشکراکرد، کە ئامانجیان رووخاندن و لابردنی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنایە، بەهۆی ئەو قەیرانانەی یانەکە تووشیان بووە.
 
یانە کەتەلۆنییەکە ماوەیەکە قەیرانێکی گەورەی ئابووریی بەخۆیەوە دەبینێت، بەو پێیەی یانەکە لە سەردەمی کارگێڕیی رابردوودا تووشی ئاستەنگی دارایی جددی بووبوو، کە مەترسی لەسەر سەقامگیری و داهاتووی هەیە. ئەمەش وایکرد سەرۆکی یانەکە، خوان لاپۆرتا دەستبەرداری هەندێک لە ئەستێرەکانی تیپەکە ببێت، وەک چارەسەرێکی ناچاری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
 
رۆژنامەی لاڤانگاردیا لە راپۆرتێکدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاندووە، گرووپێک هەیە ئۆپۆزسیۆنێکی دروستکردووە، کە ئامانجیان ئەوەیە بەخێرایی خوان لاپۆرتا لەسەرکار لاببەن.
 
لە راپۆرتەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو "ئەم هاوینە گرووپەکە رادەگەیێنرێت، و کۆمەڵێکی گەورەی ئەندامانی دژ بە کارگێڕیی لاپۆرتا لەخۆدەگرێت بەئامانجی ئاگادارکردنەوەیان لەو دۆخەی کە بە دۆخێکی نائاسایی دەزانن، بەو پێیەی پێشتر ئەم گرووپە کۆبوونەوەی داخراویان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا بڕیاری داوە جوڵە بکات بۆ ئەوەی یانەکە رزگار بکەن".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "گرووپەکە ناوی وەک: جۆردی رۆش، کامپرۆبی، خوان رۆکا و ئەوانی دیکە لەخۆدەگرێت و ئامانج لێی جیابوونەوەیە لە نەوەی لاپۆرتا و رۆسێل و بارتۆمیۆ".
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەرچەندە ئەوان ئەوەی بڕیارە بیکەن بە نەشیاو دەزانن، بەڵام داوای لێسەندنەوەی متمانە رەتناکرێتەوە و روونیشیکردووەتەوە "بڕیاری دەرکەوتن لەسەر گۆڕەپانەکە دەرئەنجامی پێویستیی گوشار خستنە سەر ئەنجوومەنی کارگێڕیی ئێستای یانەکەیە، بۆ ئەوەی خۆیان لەو لادانانە بەدوور بگرن، کە بە لادانێکی ئابووری و وەرزشیی و کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی دەزانن و ئەوەش خاوەندارێتی یانەکە دەخاتە مەترسییەوە، کە ئەوەش هێڵی سوورە".
 
ئەو گرووپە دەڵێن "ئەگەرچی خوان لاپۆرتا چەندینجار ئەگەری گۆڕینی ئەو قەوارەیە بۆ کۆمپانیایەکی گشتی رەتکردووەتەوە، بەڵام چەندینجاریش سەرۆک ناچاربووە درۆ بکات یان پاشەکشە بکات و پێچەوانەوەی ئەوەی راگەیاندووە بیکات، وەک چۆن لە بەردەوامبوونی لیۆنێل مێسیدا درۆی کرد".
 
لەم بارەیەوە ئەندامانی ئەم گرووپە دووپاتیدەکەنەوە کە لە نزیکەوە چاودێری داخستنی ئابووری وەرزی ئێستا و پەرەسەندنی بازاڕی گواستنەوەکان و کۆبوونەوەی گشتیی داهاتوو دەکەن. 
 
سەرچاوەیەک لە گرووپەکە بە رۆژنامەی لا ڤانگاردیا رایگەیاندووە "ئامانجی سەرەکی ئەوەیە بە زووترین کات کۆتایی بە ماوەی ئێستای سەرۆکایەتی لاپۆرتا بهێنرێت و بۆ بەدیهێنانی ئەمەش پێویستە زۆر لە هاندەرانی بارسێلۆنا ئاگاداربکرێنەوە، راستییەکان بزانن،  چالاک بن و چاودێریی وردی کارەکانی کارگێڕیی یانەکە بکەن".
 
خولی ئیسپانیا، رۆژی پێنجشەممە 15ـی ئاب وەک رۆژی دەستپێکی وەرزی 2024-2025ـی و دیاریکردووە و وەرزەکەش لە 25ـی ئایاری 2025 کۆتایی دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە