بازاڕی لوقمان گەرمە

12-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەدیمۆلا لوقمان خولی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، ئەدیمۆلا لوقمانی یاریزانی نایجیری، یاریزانی باڵی یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی، لاری نییە لە گواستنەوەی بۆ خولی سعودیە لە رێگەی یانەی ئیتیحادەوە.
 
لوقمان، تەمەنی 26 ساڵە، لە هاوینی 2022ـەوە یاری بۆ یانەی ئاتالانتا دەکات، کاتێک لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانییەوە پەیوەندی بە یانەی ئاتالانتاوە کردووە.
 
لوقمان لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگی 2024 بەرامبەر بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی 3 گۆڵی تۆمارکرد و تیپەکەی بە ئەنجامی 3-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوێکی کیشوەری بەدەستهێنا.
 
لوقمان خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی بەدەستهێنا، ئەمەش دوای هاتریکە یەکلاکەرەوەکەی، کە زنجیرەی 51 یاریی لەسەریەکی بەبێ دۆڕانی بایرلیڤەرکوزنی کۆتایی پێهێنا.
 
بەپێی ئەکاونتی Insider Atty کە دوای هەواڵەکانی ئیتیحادی سعودیە دێت، کۆمپانیای Roof کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی کاروباری لوقمان ناڕەزایەتی دەرنابڕێت بەرامبەر ئەوەی وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە ئیتیحادەوە بکات.
 
کۆمپانیاکە روونیکردەوە کە "دوای یاریی کۆتایی خولی ئەوروپا زیاتر لە یانەیەکی سعودی دەستەوارەی هەبووە بۆ کڕینی گرێبەستی لوقمان".
 
یانەی ئیتیحاد رووبەڕووی رکابەرییەکی بەهێز دەبێتەوە لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، کە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە کارگێڕیی یانە باڤارییەکە لە چەند هەفتەی رابردوودا بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵ لوقمانی باسکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بابەتەکە بە هیچ شێوەیەک مسۆگەر نەبووە. 
 
هێشتا ئەوە یەکلایی نەبووەتەوە کە یاریزانەکە ئەم هاوینە ریزەکانی یانەی ئاتالانتا بەجێدەهێڵێت و پەیوەندی بە یانەیەکی گەورەوە دەکات یان نا. بەهاکەیشی بە نزیکەی 25 تاوەکو 30 ملیۆن یۆرۆ مەزندە دەکرێت.
 
هێرشبەرە نایجیرییەکە، کە لە یاریکردن لە پۆستەکانی هێرشبەر و باڵی چەپدا باشە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئاتالانتا تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2026 بەردەوام دەبێت.
 
لوقمان وەرزی رابردوو لەگەڵ تیپە ئیتاڵییەکەی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا لە 41 یارییدا بەشداری کردووە و 15 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 ئەسیستیشی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە