بنزیما ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا دەباتە ئیتیحاد

رووداو دیجیتاڵ

پێدەچێت کەریم بنزیما، ئەستێرەی یانەی ئیتیحادی سعودی، دەستیکردبێت بە دانانی ئامانجەکانی تیپەکە بۆ وەرزی داهاتوو بەمەبەستی کارکردن لەسەر ئاسوودەیی و بەردەوامییەکەی، ئەمە دوای ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە ئەگەری رۆیشتنی لە مێرکاتۆی هاوینەدا دەکەن.
 
لە راپۆرتەکانی پێشوودا باس لەوە کرابوو کە بنزیما داوای لە کارگێڕیی ئیتیحاد کردووە  تیپەکە بە گرێبەستە بەهێزەکان بەهێزتر بکەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بتوانن رکابەری لەسەر نازناوی خولی رۆشن بکەن.
 
بەگوێرەی ئەوەی ماڵپەڕی دۆن باڵۆنی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، کەریم بنزیما داوای لە کارگێڕیی یانە سعودییەکە کردووە گرێبەستێک لەگەڵ هاونیشتیمانییەکەی ژول کۆندێ واژۆ بکەن بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری تیپەکە.
 
بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی یانە سعودییەکە، یانەی ئیتیحاد ئامادەیە بڕە پارەیەکی زۆر بدات، بەبێ ئەوەی بەهاکەی ئاشکرا بکات، لە بەرامبەر بەدەستهێنانی تواناکانی کۆندێ.
 
رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە، رۆیشتنی کۆندێ لە بارسێلۆنا کارێکی ئاسان نییە، بەو پێیەی سەرەڕای ئەوەی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا، کراوەیە بۆ گوێگرتن لە دەستەوارەکان، بەڵام لە هەمانکاتدا کۆندێ بۆ هانزی فلیکی راهێنەر یاریزانێکی سەرەکییە لە پێکهاتەکەیدا.
 
ماڵپەڕەکە دووپاتیکردووەتەوە کە بەرپرسانی یانەی ئیتیحاد هەوڵێکی زۆر دەدەن لە دانوستاندنەکاندا، بەو پێیەی پێشتر دەستیان بە هەنگاوەکانیان کردووە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆندێ.
 
راپۆرتەکانی پێشووتر ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆندێی تەمەن 25 ساڵ کە تاوەکو وەرزی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا هەیە، لەوانەیە یەکەم یاریزانی بیانی بێت کە بەربژێر بێت بۆ ریزەکانی ئیتیحاد لەم هاوینەدا.
 
کوندێ بە یەکێک لە بەرگریکارە سەرکەوتووەکانی ئێستای ئەوروپا دادەنرێت، کە لە مانگی تەمموزی 2022 پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کردووە، بەهای بازاڕیشی نزیکەی 45 ملیۆن یۆرۆیە.
 
کۆندێ لە وەرزی 2023-2024 لەگەڵ بارسێلۆنا بەشداریکردووە لە 35 یاری لە لالیگادا، کە تیایاندا گۆڵێکی تۆمارکرد و دوو ئەسیستیشی کرد.
 
هەروەها بەشداری لە 8 یاری چامپیۆنزلیگ کردووە، 3 یاری لە جامی شا، هەروەها لە دوو یاریی جامی سوپەری ئیسپانیادا بەشداری کردووە.