یۆرۆی 2024.. دوایین پەیامی کریستیانۆ رۆناڵدۆ

12-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یۆرۆی2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی دوای بردنەوەیان لە هەڵبژاردەی ئێرلەندا دەڵێت "بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2024 بۆ من خەونە."
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە دوایین یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەکەیدا بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024، بەرامبەر ئێرلەندا یارییکرد و بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ سەرکردایەتیی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر.
 
رۆناڵدۆ لە دوای یارییەکە قسەیکرد و گوتی "بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتیی ئەوروپا خەونە، بۆ من و هەڵبژاردەکە بەگشتی و هەموو گۆڵەکان بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی زۆر تایبەتن، زۆر دڵخۆشبووم بە یارییکردن، لەکاتێکدا 11 رۆژ بووم یاریم نەکردبوو، گەڕامەوە و گۆڵم تۆمارکرد، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە ئاستێکی بەرزمان بەرامبەر تیپێکی بەهێز پێشکێشکرد."
 
کریستیانۆ زیاتر گوتی "پێویستە پیرۆزبایی لەو یاریزانانە بکەین کە بەشدارییان لە یارییەکەدا کرد، ئاستێکی بەرزمان پێشکێشکرد و پێویستیمان بەوەیە، چ بەشێوەی سەرەکی یاری بکەین یان یەدەگ، هەمووان یەکگرتوون و هاندەران خولیا و هاندانی خۆیان پێشاندەدەن."
 
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لەبارەی بەشدارینەکردنی لە یارییەکەی بەرامبەر کرواتیا گوتی "لەراستیدا من بۆ یارییەکە ئامادەبووم، بەڵام راهێنەر پێیگوتم پشتت پێنابەستم، لە رۆژی 6ـی مانگ دەستم بە مەشق و راهێنان کرد، گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە بۆ یارییەکەی بەرامبەر چیک ئامادەبم، پێویستە بەباشی بیربکەینەوە و هەوڵ بۆ سەرکەوتن بدەین."
 
رۆناڵدۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "من ئامادەم و بەردەوام ئامادەییم تێدایە بەباشترین شێوەوە کاربکەم، من یاریزانێکی 100٪ پیشەگەرم، بۆیە ئامادەم بۆ ئەوەی هاوکاری هەڵبژاردەی وڵاتەکەم بکەم و رێز لە بڕیارەکانی راهێنەر دەگرم."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی "ئەو یاریزانانەی بەشێوەی یەدەگ یارییانکرد، ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد، پێویستە سوود لەم نەوە بەهرەمەندە وەربگرین، بەڵام جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە بەهرەمەندەکان بەس نین."
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئەمڕۆ بەرەو ئەڵمانیا بەڕێدەکەوێت، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024 و رۆژی 18ـی ئەم مانگە یەکەم یارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر چیک دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە