تەلەفۆنی بۆ ئەنچیلۆتیش کردووە.. هەمووان دەڵێن 'نا' بۆ ناپۆلی

12-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ناپۆلی کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا، یانەی ناپۆلی، پاڵەوانی سێری ئا، جێگرەوەیەکی بۆ مەشقدانی تیپەکە دەستنیشان نەکردووە، پاشئەوەی لۆچیانۆ سپالێتی راهێنەر، دەستیلەکارکێشایەوە.
 
میدیای ئیتاڵیا دەڵێن ئەرکی کارگێڕیی یانەکە، بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ بۆ تیپەکە ئاڵۆز بووە و لە ماوەی رابردوودا چەندین راهێنەر مەشقدانی ئەو تیپەیان رەتکردووەتەوە.
 
سپالێتی دوای بردنەوەی نازناوی ئەمساڵی سێری ئا، دەستیلەکارکێشایەوە و رایگەیاند پێویستی بەوە هەیە ماوەیەک پشوو بدات، هەوڵەکانی ئۆرێلیۆ دی لاورێنتس و کارگێڕیی یانەکە بۆ هێنانی راهێنەری نوێ هێشتا بەئاکام نەگەیشتوون.
 
میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە چەندین راهێنەر لە چەند هەفتەی رابردوودا مەشقدانی ناپۆلییان رەتکردووەتەوە و 'نا' یان بۆ سەرۆکی یانەکە کردووە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، دی لاورێنتس تەنانەت بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری پێشووی یانەکەدا کردووە، لەگەڵیدا باسی چەندین بابەتی جیاوازی کردووە، بەڵام دی لاورێنتس تەنیا داوای لە کارلۆ کردووە سڵاوی ئەو، بە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید بگەیێنێت.
 
کارلۆ تاوەکو ئێستا سوورە لەسەر بەردەوامبوون لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، ئەگەرچی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل هێشتا دەستنیشانکردنی کارلۆ بە راهێنەر سامبا، بە بژاردەی یەکەمی خۆی ناودەبات.
 
میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، سەرۆکی ناپۆلی هەروەها پەیوەندی بە تیاگۆ مۆتای راهێنەری لاویشەوە کردووە و ماوەی سێ کاژێر پێکەوە قسەیانکردووە لەبارەی داهاتووی ناپۆلیییەوە، بەڵام ئەو راهێنەرە بە دەستەوارەی سەرۆکی یانەکە رازینەبووە و سوپاسی کردووە لەسەر متمانەکەی، ئەمە جیا لە هەریەکە لە یولیان نایگێلسمان و لویس ئینریکێی راهێنەرانی بێکار، کە هەمان داواکارییان رەتکردووەتەوە.
 
میدیای ئیتاڵیا دەڵێن، یانەی ناپۆلی تەنانەت بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری میلانیش دەکاتەوە، بەڵام ئەو راهێنەرە تاوەکو ئێستا سوورە لەسەر مانەوە و بەردەوامبوون لەگەڵ یانەکەی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە