نوێترین هەڤپەیڤینی گواردیۆلا دوای بردنەوەی چامپیۆنزلیگ

 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا پێشاندا و باسی لە زۆر بابەتی جیاواز کرد، کە یەکێک لەوانە پەیوەندیی بە لیۆنێل مێسییەوە هەیە.
 
هەڤپەیڤینێکی نوێی گواردیۆلا بڵاوکراوەتەوە کە لێرەدا سەرنجڕاکێشترین پرسیار و وەڵامەکان دەخەینەڕوو.
 
پرسیار: ئێستا لە دوای 7 ساڵ کارکردن لەگەڵ مانچێستەر سیتی 14 نازناوت هەیە، چۆن خۆت هاندەدەیتەوە؟ مرۆڤ پێویستیی بەوەیە هەندێک پشوو بدات؟
 
گواردیۆلا: پێموایە کارەکە تەواوبوو، نامەوێت خۆم بە لیۆنێل مێسی بەراورد بکەم، بەڵام ئەو وێنەیەکی لە مۆندیالدا هەیە ئەوە هەموو شتێکە، ئەمە هەموو شتێکە، ئەو مۆندیالی بردەوە و منیش چامپیۆنزلیگ، پێموایە کارەکە تەواوبوو، بردنەوەی ئەم نازناوەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئەو 5 نازناوەی پرێمەرلیگە کە بەدەستمانهێناون، ئێستا پێویستە بچینە ماڵەوە و پەیوەندیمان ببڕین، کاتێک ئەدرینالین دەستپێدەکاتەوە ئێمەش پەیوەندی بەیەکەوە دەکەینەوە، بەڵام ئێستا بیر لە داهاتوو ناکەمەوە، لەگەڵ خێزانەکەم پشووەکەم بەسەردەبەم، زۆر یاریی گۆڵف دەکەم، کاتێک گەڕاینەوەش بەردەوام دەبین لە رکابەریکردن بۆ بردنەوەی نازناوەکان."
 
پرسیار: هەست بە ئاسوودەیی کرد کاتێک سەرت خستە سەر سەرینەکەت؟
 
گواردیۆلا: لە راستیدا دڵخۆشم بە زۆر شت کە دێنە نێو مێشکم، ئەوروپا پاڵەوانێتییەکی زۆر قورسە بۆ بردنەوەی نازناوەکە، هەموومان ئەوە دەزانین، بردنەوەی نازناوەکە لەم یانەیەدا شتێکی زۆرباشە کە پێشوازییەکی گەورەی لێکردووم.
 
پرسیار: بردنەوەی چامپیۆنزلیگ؟
 
گواردیۆلا: بەڕاستی زۆر دڵخۆشم، دەزانم لە رابردوودا دەمانتوانی هەمان کار بکەین و نازناوەکە ببەینەوە، ئەمساڵ ئەو کارەمان کرد، دەشکرا بدۆڕێین، لە خولدا 38 یاری هەن، ئەوەی یارییەکان بباتەوە دیارە کە باشترینە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگدا پێویستیت بەبەختە بۆ بردنەوە.
 
پرسیار: ئەمجارە تیپەکە ئامادەنەبوو بۆ بردنەوە، بەڵکو ئازاریشی چەشت؟
 
گواردیۆلا: بەڵێ، هەمیشە لە چامپیۆنزلیگدا ئازار دەچێژیت، ئەمڕۆ ئێمە زۆر دڵخۆشین، بەڵام دەکرا لە کۆتاییدا یەکسانببین، ئینتەر توانای بردنەوەی یارییەکەی هەبوو.
 
پرسیار: وردەکارییەکان چین؟
 
گواردیۆلا: وردەکارییەکە ئەوەیە کە هەموومان ویستی بردنەوەمان هەبوو، یاریزانەکان بەتەنیا نەبوون، بەڵکو هەزاران وردەکاری دیکە هەبوون، کە ئەمساڵ ساڵی ئێمەیە و دەبێت ببەینەوە.