ڤیدیۆ؛ ئۆرۆگوای مۆندیالی بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای ناوی خۆی بردە نێو مێژووی مۆندیالی لاوان و نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر ئیتاڵیا بەدەستهێنا.
 
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی مۆندیالی لاوان بۆ خوار تەمەنی 20 ساڵ، هەردوو هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای و ئیتاڵیا لە یاریی کۆتاییدا لە یاریگەی مارادۆنا رووبەڕووی یەکبوونەوە، ئۆرۆگوای یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
 
لە نیوەی یەکەمدا ئۆرۆگوای بەتەواوی کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کرد و چەندینجار خۆی لە گۆڵی ئیتاڵیا نزیککردەوە، بەڵام لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون.
 
چوار خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە لوسیانۆ رۆدریگۆ، یاریزانی بەرگری بەلێدانێکی سەر گۆڵێکی بۆ سێلێستێ تۆمارکرد، ئۆرۆگوای یارییەکەی بەو گۆڵە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
 
پێشتر ئۆرۆگوای دووجار گەیشتبووە یاریی کۆتایی، بەڵام جارێک لە 1997 بەرامبەر ئەرجەنتین و جاریکیش لە 2013 بەرامبەر فەرەنسا بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە نازناوەکەی لەدەستدا، ئەمجارە لە هەوڵی سێیەمیدا نازناوەکەی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بردەوە.
 
ئۆرۆگوای دەبێتە یەکەم هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور لە دوای ساڵی 2011ـەوە نازناوی مۆندیالی لاوان بباتەوە، لە کاتێکدا لە چوار پاڵەوانێتیی رابردوودا فەرەنسا، سێربیا، ئینگلتەرا و ئۆکراینا لە کیشوەری ئەوروپا نازناوەکەیان بەدەستهێنابوو.