چیرۆکی درێسە زەردەکەی هەڵبژاردەی ئۆکراینا لە یۆرۆی 2020ـدا

12-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئۆکراینا یۆرۆ 2020
A+ A-

رووداو دیجیتال

هەڵبژاردەی ئۆکراینا بەرەنگاری یۆفا بووەوە و دووپاتیکردەوە کە بەهەمان درێسی خۆی یارییەکانی یۆرۆی 2020 دەکات، کە پێشتر یۆفا رێگەی پێداوە بەو درێسەوە یاریی بکات و ئێستا رەتیدەکاتەوە.

لە پێشەوەی درێسە زەردەکەی ئۆکراینا، سنوورەکانی ئۆکرانیا بە سپی کراون و دروشمی "سەرکەوتن بۆ ئۆکراینا" لەسەر پشتی درێسەکە نووسراوە. هەروەها لە ناوەوەی درێسەکەش دروشمی "شکۆ بۆ پاڵەوانەکان"ـی لەسەر نووسراوە.

سەرەڕای راسپاردەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا بۆ لابردنی ئەو دەستەواژەیە لەسەر درێسەکە بەهۆی سروشتی سیاسییەوە، ئۆکراینییەکان سوورن لەسەر ئەم هەڵوێستەیان و رازی نین لایبەن. 

ئۆلکساندر هێلێڤینسکی، گوتەبێژی هەڵبژاردەی ئۆکراینا لەو بارەیەوە رایگەیاند "ئەو درێسەمان هەیە، رەزامەندیمان لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا وەرگرتووە، بەو درێسەوە یاری دەکەین، پێشتر رەزامەندی لەسەر دراوە".

یۆفا سەرەتا ئەو درێسەی هەڵبژاردەی ئۆکرینای پەسەند کردووە، بەڵام دواتر داوای لە فیدراسیۆنی ئۆکراینی کرد ئەوە دروشمە نەتەوەییە مشتومڕهێنەرەی سەر درێسەکە لاببات.

ئەو درێسە زەردەی هەڵبژاردەی ئۆکراینا، کە فیدراسیۆنی ئۆکراینی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ راهێنەر ئاندرێ شێڤچینکۆ و یاریزانەکانیاندا نماییشیان کرد، ناڕەزایی رووسیای لێکەوتەوە، کە بە سووکایەتی و دنەدانی سیاسی دەزانێت.

درێسی نوێی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئۆکراینا نەخشەیەکی ئۆکرانیا لەسەر کێشراوە کە نیوە دوورگەی کریمیا لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا رووسیا لە ساڵی 2014 دا کریمیای لە ئۆکراینا وەرگرتووە و بە خاکی خۆیەوە لکاندووە، کە مۆسکۆ ئەو نیوە دوورگەی بە بەشێک لە خاکی  خۆی دەزانێت، هەرچەندە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بە خاکی ئۆکراینا ناسراوە.

ئەم دروشمانە لە ئۆکراینا وەک سڵاوێکی فەرمی سەربازی بەکاردەهێنرێن.

دیمیتری سڤیشچۆڤی پەرلەمانتاری رووسیاش، ناڕەزایی خۆی نیشاندا و رایگەیاند ئەو نەخشەیەی ئۆکراینا لەسەر درێسەکەی داناو "خاکی نایاسایی رووسیای تێدایە.

ماریا زاخارۆڤا، خانمە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاند، ئەو دروشمانەی لەسەر درێسی ئۆکراینان نەتەوەیین، دروشمی "سەرکەوتن بۆ ئۆکرانیا" و "سەرکەوتن بۆ پاڵەوانەکان" لە دروشمی نازییەکان دەچن.

پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دوای کێشەی نیوە دوورگەی کریمیا لە ساڵی 2014 دەستیپیکرد و دواتر بەرەو خراپتر چوو.

ئۆکراینا یارییەکانی لە کۆمەڵەی سێیەمدا دەکات، کە هەڵبژاردەکانی هۆڵەندا، نەمسا و مەسەدۆنیای باکوور دەگرێتە خۆی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە