بەفەرمی: فێرلان مێندی بووە مەدریدی

بەفەرمی یانەی ریال مەدرید پەیوەندیکردنی فێرلان مێندی بە یانەی ریال مەدریدەوە، وەک پێنجەم گرێبەست لە مێرکاتۆی هاوینەدا راگەیاند.

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رایگەیاند " بەشێوەیەکی فەرمی فێرلان مێندی بەرگریکاری باڵی چەپی یانەی لیۆنی فەڕەنسی، گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کردووە".

پێگەی فەرمی ریال مەدرید بڵاویکردەوە "یانەی شاهانە بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی مێندی بەرگریکاری فەڕەنسیی رادەگەیەنێت، کە گرێبەستەکەی بۆ ماوەی شەش ساڵ دەبێت، واتە تا 30 حوزەیرانی 2025 مێندی پەیوەندی بە مەدریدەوە دەمێنیت".

لە لایەکی دیکەوە یانەی لیۆنی فەڕەنسی رایگەیاند، فێرلان مێندی بەرگریکاری یانەکە لە بەرامبەر 48 ملیۆن یۆرۆ و 5 ملیۆن لە گۆڕانکاری گرێبەستەکەی، پەیوەندیی بە ریال مەدریدەوە کردووە.

بڕیارە 19ی ئەم مانگە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بۆ یەکەمجار بە ئامادەبوونی هاندەران لە سانتیاگۆ  درێسی ریال مەدرید لەبەر دەکات، پاشان لە ژووری رۆژنامەوانیی یانەی شاهانە دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی پرساری رۆژنامەنووسان.

دوای پەیوەندیکردنی هازارد، میلیتاو، لوکا یۆڤیچ و رۆدریگۆ، مێندی دەبێتە پێنجەم گرێبەستی مێرکاتۆی هاوینەی یانەی ریال مەدرید، ئەمە لە کاتێکدا فلۆرینتینۆ پێرێز بۆ تۆکمەکردنی پێکهاتەی ریال مەدرید، بەنیازە چەند گرێبەستێکی دیکە لەبەرژەوەندیی یانەی شاهانە یەکلایی بکاتەوە.