ڤیدیۆ؛ ئەستێرەکان گەیشتنە قۆناخی 32ـی تێنسی رۆما

 
رووداو دیجیتاڵ

دانیێل مێدڤێدێڤ، تێنسزانی رووسی و پاڵەوانی ساڵی رابردووی تێنسی رۆما، خۆی گەیاندە قۆناخی 32ـی پاڵەوانێتییەکە.
 
مێدڤێدێڤ رووبەڕووی جاک دراپێری تێنسزانی لاوی بەریتانی بووەوە، لە کۆمەڵەی یەکەمدا هەردوولا ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد و دانیێل بە حەوت پێنج پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا ئاستی دراپێر دابەزی، تێنسزانە رووسییەکە کۆنتڕۆڵی یاریگەی کرد و بە ئەزموونە زۆرەکەی توانیی ئەو کۆمەڵەیەش بە شەش چوار تەواو بکات و لە ماوەی کاژێرێک 47 خولەکدا خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
یاریی داهاتووی مێدڤێدێڤ بەرامبەر حەمەد میدیۆڤۆیچی سێربی دەبێت.
 
لە یارییەکی بەهێز و پڕ رکابەریدا، ئاندرێ روبلێڤی رووسی دواکەوتنی لە کۆمەڵەی یەکەمدا بە پێنج حەوت بەرامبەر مارکۆس جیرۆنی ئەمریکی بۆ بردنەوە گۆڕی.
 
دوای ئەوەی لە کۆمەڵەی یەکەمدا خراپ یارییکرد، لە کۆمەڵەی دووەمدا، روبلێف بە شەش چوار ئەنجامەکەی راستکردەوە.
 
کۆمەڵەی سێیەم تێنسزانە رووسییەکە بە حەوت پێنج بردنەوەی تۆمارکرد و لە ماوەی دوو کاژێر و 25 خولەکدا شوێنی خۆی لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکەدا کردەوە.
 
لە یاریی داهاتوودا ئاندرێ روبلێف بەرامبەر ئەلیکساندەر مولەری فەرەنسی یاریی دەکات.
 
هۆلگەر رونی دانیمارکی، خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر لوکا ناردیی ئیتاڵی بەدەستهێنا.
 
هۆلگەر هەر لە سەرەتای یارییەکەوە بەباشی چووە نێو رکابەرییەکە و لە کۆمەڵەی یەکەمدا بە شەش چوار پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، تێنسزانە ئیتاڵییەکە نەیتوانی هیچ بەربەستێک بخاتە بەردەم هەنگاوەکانی رون بەرەو گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
 
ئەو کۆمەڵەیەش بە شەش چوار بۆ تێنسزانە دانیمارکییەکە تەواو بوو و هولگەر رون بە کاژێرێک و 42 خولەک گەیشتە قۆناخی داهاتوو و بەرامبەر سێباستیان بایزی ئەرجەنتینی یاریی دەکات.