ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید ئاهەنگ دەگێڕێت و ئەنچێلۆتی گۆرانی دەڵێت

12-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی لالیگاوە لەگەڵ هاندەرانی ئاهەنگ دەگێڕێت و لەلایەن سەرۆکی کۆمەڵگەی مەدرید، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە و هەزاران هاندەرەوە پێشوازی لە تیپەکە دەکرێت.
 
ئەمڕۆ یاریزانانی یانەی ریال مەدرید، دوای بردنەوەیان لە گرانادا بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە چوونە گۆڕەپانی گەورەی سێبێلیس لە مەدریدی پایتەخت و بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگاوە و ئاهەنگیان لەگەڵ هاندەرانی یانەکە گێڕا.
 
هەریەکە لە ئیزابێل ئایوسۆ، سەرۆکی کۆمەڵگەی مەدرید، هاندەری ریال مەدریدە، خۆسێ ئالمێدا، سەرۆکی شارەوانیی مەدرید، هاندەری ئاتلێتیکۆ مەدریدە لە ئاهەنگی یانەی شاهانەدا ئامادەبوون، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، درێسێکی یانەکەی بەدیاری دایە خاتوون ئیزابێل و ئەویش لەنێو ئاهەنگی هاندەراندا درێسەکەی پۆشی و لەگەڵ ریال مەدرید ئاهەنگی گێڕا.


دیمەنی سەرنجڕاکێشی ئاهەنگی یانەی ریال مەدرید بوو، ئەو کاتە بوو کە کارلۆ ئەنچێلۆتی، داوای لە هاندەرانی یانەکە کرد بەیەکەوە سروودی یانەی ریال مەدرید بڵێنەوە، سەرەتا کارلیتۆ دەستپێدەکات و هاندەران بەیەکەوە لە دوای راهێنەرە ئیتاڵییەکە سروودی پاڵەوانی ئیسپانیا دەڵێنەوە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت "هەلا مەدریدێستاس، سوپاستان دەکەم و بەهۆی ئێوەوەیە کە هەمووان ئاهەنگ دەگێڕن، من گۆرانیم خۆشدەوێت و داواتان لێدەکەم، جوانترین گۆرانی جیهان بڵێنەوە، ئەو مێژووەی دروستتکرد.

 
لە ئاهەنگەکەدا، هاندەرانی یانەی ریال مەدرید هاوار دەکەن و داوای مانەوەی لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتی و ناوەڕاستکاری یانەکە دەکەن، لەکاتێکدا لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی کۆتاییدێت و دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی یاریزانەکەوە هەن.
 

 

میدیای ئیسپانیا دەڵێت "چارەنووسی لوکا مۆدریچ، لەگەڵ ریال مەدرید، بەندە بە مانەوەی تۆنی کرووس لە یانەکەدا، یان هەردووکیان لە یانەکە دەڕۆن یانیش هەردووکیان دەمێننەوە."
 
لە ئاهەنگەکەدا زۆرینەی یاریزانەکانی ریال مەدرید قسەیان بۆ هاندەرانی یانەکە کرد، ناچۆ، کاپتنی ئەو یانەیە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ماڵئاوایی لە تیپەکە دەکات لە گوتارەکەیدا گوتی "بەیانیتان باش مەدریدێستاکان، پیرۆزبایی و سوپاستان دەکەم بۆ ئەو پاڵپشتییەی لێتان کردین، زۆر دڵخۆشم بە جامەکەوە لەگەڵ ئێوەم، پێویستە چێژ لەم ساتە وەربگرین و بیر لە یاریی کۆتایی بکەینەوە، هەلا مەدرید."
 
ریال مەدرید بۆ جاری 36 نازناوی لالیگای بەدەستهێنا، یانەکە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگە و رۆژی 1-6 بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پازدەیەمی چامپیۆنزلیگ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە