خەڵات و ریکۆردێکی نوێ بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ

رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتد، بووە باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ لە مانگی رابردوودا.
 
رۆناڵدۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی چواری پرێمەرلیگی وەرگرت و بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی مانچێستەر یونایتددا کە لەو خولەدا زۆرترینجار ببێتە باشترین یاریزانی مانگ، کە 6 جارە، لە دوای ئەویش وەین روونی دێت، کە 5 جار خەڵاتەکەی وەرگرتووە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مانگی رابردوودا بەشداری لە 5 یارییدا کردووە و 4 گۆڵی بۆ مانچێستەر یونایتد تۆمارکردووە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پێویستی بەوەیە جارێکی دیکەش ئەو خەڵاتە بباتەوە بووە ئەوەی لەگەڵ سێرجیۆ ئەگوێرۆ و هاری کەین یەکسان ببێتەوە، کە هەر یەکێکیان 7 جار بوونەتە باشترین یاریزانی مانگ لە پرێمەرلیگدا.
 
ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی شەیتانە سوورەکان، کە تەمەنی 37 ساڵە، لەم وەرزەدا بەشداری لە 39 یاری لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا کردووە و تیایاندا 24 گۆڵی کردووە و 3 ئاسیستیشی هەیە.
 
ماوەی گرێبەستی کریستیانۆ لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لە هاوینی 2023 کۆتاییدێت، لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە یاریی داهاتووی مانچێستەر یونایتد، کە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە پرێمەرلیگدا بەرامبەر کریستاڵ پالاس ئەنجامی دەدات.