ڤیدیۆ؛ ئایاکس بووە پاڵەوانی هۆڵەندا و بەجوانترین شێوە ماڵئاوایی لە تێن هاگ کرا

12-05-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئایاکس
ئایاکس
نیشانەکردن ئایاکس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئایاکس ئەمستردام، نازناوی ئەم وەرزەی خولی هۆڵەندای لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و بە جوانترین شێوە ماڵئاوایی لە ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەکەی کرد.
 
ئایاکس گەڕێک پێشکۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی خولەکە میوانداریی یانەی هێرنڤینی کرد، لەو یارییەدا کە لە یۆهان کرۆیف ئارێنا بەڕێوەچوو.
 
18 خولەک یارییکردن بەسبوو بۆ ئەوەی نیکۆلاس تالیافیکۆ ئەرجەنتینی دەرگای گۆڵکردن بکاتەوە و ئایاکس بە گۆڵێک پێش بخات.
 
لە خولەکی 32 ستیڤن بێرگهۆس دوای تیکی تاکایەکی جوان گەیشتە گۆڵی هێرنڤین و ئایاکسی کردە خاوەنی دوو گۆڵ، دوای 6 خولەک سێباستیان هالەر بەلێدانی سزا بۆ جاری سێیەم تۆڕی یانەی میوانی هەژاند و خۆیشی بووە خاوەنی 21 گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەدا.
 
لەنیوەی دووەمدا و 5 خولەک پێشکۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە براین برۆبی سوود لەگەڕاندنەوەی تۆپێک لەلایەن گۆڵپارێزەوە وەرگرت و ئایاکس بووە خاوەنی چوار گۆڵ، لە خولەکی 89 ئیدسۆن ئەلڤارێز شوێنی خۆی لە گۆڵکارانی یارییەکەدا کردەوە و ئایاکس بووە خاوەنی پێنج گۆڵ.
 
ئایاکس ئەمستردام یارییەکەی بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، یانەکە بۆ جاری 36 لە مێژوودا و سێیەم وەرز لەسەریەک بووە پاڵەوانی خولی هۆڵەندا.
 
یاریزانان و هاندەرانی یانەی پایتەخت بەجوانترین شێوە ماڵئاواییان لە ئێریک تێن هاگ کرد، کە وەرزی داهاتوو ئەرکێکی نوێ لە پرێمەرلیگدا تاقیدەکاتەوە و دەبێتە راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد.
 
راهێنەرەکەش دوای یەکلاکردنەوەی نازناوەکە لەگەڵ یاریزانەکانی کەوتە ئاهەنگگێڕان و سەماکردن و دوایین ساتەکانی لەگەڵ یانەکە بەدڵخۆشییەوە بەڕێکرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە