ڤان دایک بڕیارە قورسەکەی دا

12-05-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤیرجل ڤان دایک یۆرۆ 2020
A+ A-

رووداو دیجیتال

ڤیرجل ڤان دایک، بەرگریکاری هۆڵەندیی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، بە دووری دەزانێت لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا، لەم هاوینەدا بەشداری لە یۆرۆی 2020ـدا بکات.

ڤان دایکی تەمەن 29 ساڵ، له مانگی 10ـی رابردوو، لە یاری لیڤەرپوول بەرامبەر ئێڤێرتۆن تووشی پێکانێکی قورس بوو لە ئەژنۆیدا، کە بەهۆیەوە نەیتوانی بەدرێژایی ئەم وەرزە بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.

ڤان دایک، لە نوێترین لێدوانیدا دووپاتیکردەوە کە ئەم هاوینە ناتوانێت بەشداری لە یۆرۆدا بکات و رایگەیاند، ئەو بایەخ بە بەدەستهێنانەوەی توانای جەستەیی خۆی دەدات، بۆ ئەوەی بۆ سەرەتای وەرزی 2021 - 2022 بەتەواوی ئامادەبێت بۆ یاریکردن لەگەڵ یانەکەی.

ڤان دایک بە ماڵپەڕی فەرمی لیڤەرپوولی راگەیاند "لەم قۆناخەی دواییدا خۆم بڕیارێکم بۆ هات کە دەبووایە بیدەم، ئایا من بەنیازم بەشداری لە پاڵەوانێتی یۆرۆدا بکەم، بەڵێ یان نەخێر؟ لەگەڵ هەموو ئەوەی روودەدات، هەستدەکەم بڕیاری دروستی جەستەم ئەوەیە، کە بڕیارمدا بەشداری لە پاڵەوانێتی یۆرۆدا نەکەم و بچمە قۆناخی کۆتایی چارەسەرییەکەم".

ئەو زیاتر گوتی "هەموو بایەخێکم بە وەرزی داهاتوو دەدەم، کە من پێموایە ئەوە بڕیارە دروستەکەیە".

ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، روونیکردەوە "من زۆر بێهیوابووم بۆ لەدەستدانی پاڵەوانێتی ئەوروپا، کە ناتوانم سەرکردایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەم لەو پاڵەوانێتییەدا بکەم، بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕاوە و دەبێت قبوڵی بکەم، دەبێت هەموومان قبوڵی بکەین". هەروەها گوتیشی "بڕیارەکە قورسە، بەڵام لەگەڵیشیدا هەست بە ئارامی دەکەم".

ڤان دایک بەمدواییە گەڕایەوە نێو مەشق و راهێنانەکانی یانەکەی، بەڵام تەنیا مەشقە سووکەکان دەکات پێیوایە بۆ وەرزی نوێ لە کاتی خۆیدا ئامادەدەبێت، کە وەرزی 2021 - 2022ـی پرێمەرلیگ لە 14ـی مانهی 8 دەستپێدەکات.

ڤان دایک لەو بارەیەوە، گوتی "پزیشکەکەم لەبارەی نەشتەرگەرییەکەوە زۆر خۆشحاڵە بە هەموو ئەو شتانەی کە روودەدەن، وەک گوتم، باشییەکە ئەوەیە کە من تاوەکو ئێستا تووشی هیچ کێشەیەکی راستەقینە نەبوومە و هیوادارم ئەوە روونەدات".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە